Hemn Baban
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوا لە داداگای فیدراڵی دەکات "سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدژی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان تێیدەپەرێنێت".
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شەشی ئەم مانگە لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو و قسەی زۆر لەبارەی ئەنجامەکانییەوە دەکرێت و چەندین لایەن لە رێژە و ژمارەی دەنگەکانیان رازی نیین و پێیان وایە ساختەکاری بەربڵاوکراوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان:
لەکاتێکدا خەڵکی عێراق بەگشتی چاوەرێی ئەوەبوون دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لایەنە عێراقییەکان پەلە بکەن لە پێکھێنانی حکومەتێکی ھاوبەشی نیشتیمانی لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت بۆئەوەی کۆتایی بە قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق بھێنرێت. بەڵام بەداخەوە بەبیانووی بوونی سەرنج و تێبینی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کە بەدڵ وئارەزووی ھەندێک لایەنی سیاسیی عێراق و کوردستانی نەبووە، رۆژی ٦/٦/٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق لەدانیشتنێکی نائاساییدا یاسایەکی دوور لەبنەما دەستووری و یاسا بەرکارەکانی ھەڵبژدارنەکان تێپەڕاندو داوای ھەژمارکردنەوەی ١٠٠% ی دەنگەکان دەکات لەعێراقدا. لەبەشێکی یاساکەدا پێشێلکارییەکی گەورەی یاسایی بەرانبەر بە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی ھەرێمی کوردستان کراوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستانی کردووە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدا پشتیوانی لەھەر رێکارێکی دەستووری و یاسایی دەکا بۆ پێداچوونەوە و ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بۆ دەرخستن و دووپاتکردنەوەی راستی و دروستیی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراقدا، لەھەمانکاتیشدا نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بەشێوازی تێپەڕاندنی یاساکە رادەگەیەنێ و زۆر بەتوندیش ئەو بڕگەیە رەتدەکاتەوە کە داوای ھەڵوەشاندنەوە و سڕِکردنی دەنگدانی تایبەتی ھێزەکانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستانی کردووە. دووپاتیشی دەکەینەوە جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەتی ھەرێم لەگەڵ دەنگدانی تایبەتی پاریزگاکانی تری عێراق ئامانجی سیاسی و حزبیی ھەندێک لایەنی عێراق و کوردستانیی لەپشتەوەیە و پێشێلکردنی مافی یاسایی دەنگدانی ئەندامانی ھێزەکانی ناوخۆی ھەرێمە و قابیلی قبوڵکرن نییە. وەک ئاشکرایە ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆی ھەرێم رۆلێکی کارایان لەشەڕی دژ بەداعش و زەمینەخۆشکردنی سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بینیوە، ناکرێ فیدارکاری و قوربانییەکانی ئەم ھێزانە بەپێشێلکردنی ئیرادەی دەنگدانیان و مافە یاسایی و دەستوورییەکانیان وەڵام بدرێتەوە.
ئەمجۆرە یاسایەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێندراوە جگە لەوەی دەبێتە مایەی نانەوەی نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی زیاتر لە عێراقدا، خزمەتیش بە ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان ناکات، ھاوکات سەروەریی یاسا و دەستووری وڵاتیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە و قەیرانەکانی عێراقیش قووڵتر دەکاتەوە.
داوا لە داداگای فیدراڵی دەکەین ھەرچی زووە ھەڵوێستی روون و یەکلاکەرەوەی دەستوورییان ھەبێت و سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدژی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان تێیدەپەرێنێ. ھەروەک داواکارین سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان لەچوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارکانی ھەڵبژاردن رێز لە ئیرادەی دەنگدەران و ئەنجامی ھەڵًبژاردنەکان بگرن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.