Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2018
سلێمانی ـ AA
گەشتەكە ئەمڕۆ لە لایەن كۆمپانیای ماهان-ئێری ئاسمانی ئێرانییەوە لە شاری تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەوە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجامدرا، دواتر گەشتی چوون لە سلێمانییەوە بۆ تاران ئەنجامدراو بڕیارە ئەو گەشتانە هەفتانە بە دوو گەشت بەردەوامی هەبێت.
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵڵا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "دوای 25/9/2017 و لە ئەنجامی راپرسی لە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراق ئاسمانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان داخست، دوای ئەوان ئێران و توركیاش ئاسمانی وڵاتەكانیان بە رووی گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر داخست، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراقی لە رۆژی 14/3/2018 دوای چەندین كۆبوونەوە و رێكکەوتن و رەواندنەوەی گرژییەكانی نێوان هەردوولا، ئاسمانی هەردوو فڕۆكەخانەی بە رووی گەشتەكان كردەوە و وردە وردە گەشتەكان دەستیان پێكردەوە بۆ ئوردن و قاهیرە و دوبەی".
تاهیر عەبدوڵڵا گوتی: "ئەو دوو وڵاتەی كە گەشتەكانیان زۆر دواكەوت، هەردوو وڵاتی ئێران و توركیایە، ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی ئێران یەكەم گەشتی خۆی لە رێگەی كۆمپانیای ماهان-ئێرەوە لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی لە تارانەوە دەستپێكرد بە گەشتی هاتن و رۆشتن كە دەیان كەسی هەڵگرتبوو، ئەوەش یەكەم گەشتە و هیوادارین دوای ئەمەش ژمارەی گەشتەكان زیاتر بكات".
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی هیوای خواست لە دوای دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی ئێران لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی، گەشتەكانی توركیاش لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەست پێ بكاتەوە و ئاسمانی توركیا بە رووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەكە بكرێتەوە، ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندییەكانی هەردوولا و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە بازرگانی و گەشتیارییەكان.
ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.