Emre Gürkan Abay
16 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2021
مۆسکۆ- AA
لە راگەیەندراوی ھاوبەش کە لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن-دا، وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە جەنگی ناوەکیی براوەی نابێت، جەختیان لە پابەندییان بەوەی کە ھەرگیز جەنگێکی لەوشێوەیە دەستپێنەکەن، کردەوە.
کۆشکی کرملین لەدوای کۆبوونەوەکەی نێوان پوتین و بایدن لە جنێڤ، راگەیەندراوێکی ھاوبەشی بڵاوکردەوە کە ھەردوولا لەسەری سازاون.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە رووسیا و ئەمریکا ئەوەیان نیشانداوە، تەنانەت لە قۆناغەکانی گرژیی نێوانیشیاندا، دەستەبەری پێشبینیکردن لە رووبەرە ستراتیژییەکاندا بکەن و بەرەو ئامانجی ھاوبەشی کەمکردنەوەی ھەڕەشەی جەنگی ناوەکیی و مەترسی پێکدادانی سەربازیی ھەنگاو بھاوێژن.
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە رێککەوتننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیژییە نوێیەکان لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا (ستارتی نوێ) ماوەیەکی کورت لەمەوبەر درێژکراوەتەوە و تێیدا ھاتووە: "درێژکردنەوەی ستارتی نوێ، بەڵگەیەکی پابەندییمانە بە کۆنترۆڵکردنی چەکە ناوەکییەکانەوە. ئەمڕۆ، براوەیەک لە جەنگی ناوەکییدا نابێت و جارێکی دیکە جەخت لە پابەندییمان بەوەی کە ھەرگیز جەنگێکی لەوشێوەیە دەستپێنەکرێت، دەکەینەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕووکە لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجانە، لەماوەیەکی کورتدا لەنێوان رووسیا و ئەمریکادا راوێژی گشتگیر دەستپێدەکەن و ھاتووە: "لەبارەی سەقامگیریی ستراتیژییەوە، دیالۆگێکی دوو لایەنەی پتەو، بەھێز و گشتگیر دەستپێدەکرێت. لەرێگەی ئەو دیالۆگەوە، خوازیارین بناغەی کۆنترۆڵکردن و رێکارەکانی کەمکردنەوەی مەترسی چەک لە ئایندەدا، دابنێین".