Hemn Baban
14 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2018
هه‌ولێر-AA
رژێمی پێشووی به‌عس تاوانی ئه‌نفالی به هەشت قۆناغ ئه‌نجامدا كه تێیدا 182 هه‌زار هاووڵاتی بوونە قوربانی.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هەرێمی کوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌ولێر رێوڕه‌سمێكی بۆ ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال له‌ساڵی 1988 له پاركی شار له ناوه‌ڕاستی بازاڕی شاری هه‌ولێر رێكخست.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كه گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم، سه‌فین دزه‌یی و پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی و بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌ره‌ڤان حه‌مدی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و خه‌ڵكی دیكه ئاماده‌ی بووبوون ته‌سبیحێكی 800 مه‌تری خرابوویه روو كه 182 هه‌زار ناوكی زه‌یتوونی تێدا به‌كارهاتووه و له لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه بۆ ئه‌و یاده ئاماده‌كرابوو، له پاڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین تابلۆ نیگاركرابوون كه له‌لایه‌ن چه‌ند هونهرمهندێكهوه بۆ ئه‌م یاده نهخێشنرابوون.
له لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی رایگه‌یاند "ئه‌مڕۆ به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان هه‌ڵساین به‌م رێوڕه‌سمه و مامۆستا هونه‌ر تهزبیحێكی له‌م رێوڕه‌سمه خستووه‌ته روو وه‌كو هێمایه‌ك بۆ قوربانییانی ئه‌نفال كه رژێمی دڕنده‌ی پێشوو ویستی خه‌ڵكی كوردستان له‌ناو ببات و چه‌ندین شاڵاوی قورسیی زینده‌به‌چاڵی ده‌ستپێكرد و به‌چه‌ند قۆناغێك به‌ڕێوه‌چوو".
گوتیشی "ئێستا لهبارودۆخێك ئه‌م یاده ده‌كه‌ینه‌وه ده‌بێت ببێته وانه‌یه‌كی گه‌وره چۆن میلله‌تان توانیویانه سوود له نههامهتییهكانییان وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه و ببێته فاكته‌رێكی به‌هێز و ببێته به‌ربه‌ستێكی گه‌وره بۆ ئه‌وه‌ی تاوانی له‌و جۆره دووباره نه‌بێته‌وه، چونكه هێشتا خه‌ڵكانێك به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌ت بیرده‌كه‌نه‌وه و بینیمان ئه‌وه‌ی له دووزخورماتوو روویدا تاوانێكی گه‌وره بوو".
پارێزگای هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا روونیشی كرده‌وه "بۆ خه‌ڵكی كوردستان یه‌كڕیزی و ته‌بایی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناو ماڵی كوردستان گرنگه، هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه لانكه‌ی پێكه‌وه‌ژیان بووه و خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه فاكته‌ر بوون بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر و بنه‌بڕكردنی بیری تیرۆریستی، بۆیه به‌هێزكردنی ئه‌م ئه‌زموونه و په‌ره‌پێدانی بۆ ئاینده‌مان به‌وه ده‌كرێت كه یه‌كڕیز و تهبابیین له‌نێو خۆماندا و له به‌غدا بهیهكڕیز به‌شداریی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌بوون دووباره نه‌بنه‌وه و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌یه‌كڕیزی خه‌ڵكی كوردستان بتوانرێت داكۆكی لێ بكرێت و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی هه‌یه دووباره نه‌بنه‌وه".
له‌و ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا چه‌ندین دروشم له لایه‌ن ژماریه‌ك له چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه به‌رز كرابوونه‌وه كه داوایان ده‌كرد ئه‌و جاش و موسته‌شارانه‌ی به‌شداربوون له‌گه‌ڵ رژێمی پێشوو له ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكی كوردستان، دادگایی بكرێن.
له‌سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1988 رژێمی پێشووی عێراق به‌سه‌ركردایه‌تی سه‌دام حوسێن هێرشێكی ده‌ستپێكرد بۆ قڕكردنی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته به"شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال" ناسێنرا و به هه‌شت قۆناغ جێبه‌جێ كرا و تێیدا به‌پێی لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی كورد 182 هه‌زار كه‌س بوون به قوربانی و له بیابانه‌كاندا زینده‌به‌چاڵ كران، تێیاندا به‌ده‌یان هه‌زار مناڵ و ئافره‌ت هه‌بوون، ئێستا له چه‌ندین ناوچه‌ی كوردستان مۆنیۆمێنتی ئه‌و قوربانییانه هه‌یه و ساڵانه‌ش له 14ی نیساندا یادی ئه‌و جینۆسایده ده‌كرێته‌وه.