Hemn Baban
04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
لە پێشانگاکەدا وڵاتانی تورکیا، ئێران، میسر وعێراق بەشداریی چڕیان کردبوو و ژمارەیەکی زیاتر کۆمپانیایان دەبینرا.
کاتژمێر ١١ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ جلوبەرگ، دوورمان، ئێکسسوارت، پێست و پێڵاو کرایەوە.
پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی کە ئامادەی کردنەوەی پێشانگاکە بوو، دوای گەڕانێک لەنێو پێشانگاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئەم پێشانگایەی ئەمڕۆ ١٦٥ کۆمپانیا تیایدا بەشدارن لە نۆ وڵات کە تایبەتن بە ئیکسسوارات، جلوبەرگ و چەند بوارێکی دیکە و بەنرخێکی زۆر گونجاو و رکابەر شتەکانیان خستووەتە روو، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمیش پەیڕەوکردنی بازاڕی ئازادە بۆ ئەوەی بژاردەکان لەبەردەستبن و رکابەرایەتی ھەبێت".
نەوزاد ھادی لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "چەندین کۆمپانیای ناوخۆییش بەشدارن لەم پێشانگایە کە بەرھەمی ناوخۆیی خراوەتە روو و ئەمەش پاڵپشتیی دەکەین و دەمانەوێت پیشەسازیی خۆماڵی گەشە بکات بۆ ئەوەی قەیرانەکان چارەسەر بکات و ئەو جوڵەیەی بازاڕ کە ئێستا لە ھەرێم ھەیە کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی ئەو پیشەسازییانەش دەبێت".