ئابووری

ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ١٥ پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

کۆنسولی گشتی تورکیا، ھاکان کاراچای لە ھەولێر بۆ دەزگاکانی راگەیاندن: "نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کۆمپانیای تورکی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ئومێد دەکەین پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر بڕۆن".

Hemn Baban  | 21.11.2018 - نوێکردنەوە : 22.11.2018
ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ١٥ پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

Arbil

ھەولێر - AA

پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی رایدەگەیەنێت تورکیا، فۆکەسی لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە لە رووی ئابوورییەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر، پێشانگای کشتوکاڵی کرایەوە کە بەپێی قسەی رێکخەرانی دوایین پێشانگا دەبێت لە ئەمساڵدا بکرێتەوە، پێشانگایەکە تایبەت بوو بە بەروبوومی کشتوکاڵی و پیشەسازیی کشتوکاڵی کە نزیکەی ١٠٠ کۆمپانیا تێیدا بەشداربوون و زۆرینەی ھەرە زۆرییان تورکیین.

لە پێشانگاکەدا دوای بەسەرکردنەوەی چەند شوێنێکی چەندین کۆمپانیا، پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر رایگەیاند "ئەمڕۆ لە کردنەوەی دووەم پێشانگای پیشەسازی کشتوکاڵیین کە کۆی گشتی ١٠٠ کۆمپانیا تێیدا بەشدارن و لەسەروو ٨٠ کۆمپانیایان تورکیین و ئەوانی دیکە کۆمپانیای خۆماڵیین کە جگە لە بواری کشتوکاڵی لە بواری لەقوتوونان ھەن، پێشانگاکان بەردەوامن و ئەم جوڵە بازرگانییەی ھەیە لە ھەولێر وەکو سەنتەرێکی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش و پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقیش لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوەیە چالاکە و بوونی ئەو ژمارەیە لە کۆمپانیا نیشانەی ئەوەیە تورکیا فۆکەسی لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە".

ھەروەھا گوتیشی: "ئەو پێشانگایە ھەلێکی باشە بۆ کۆمپانیاکان و کۆمپانیا خۆماڵییەکان تا بتوانن سوود لە تەکنەلۆجیا و پیشەسازیی کشتوکاڵی وەربگرن".

لەنێو پیشانگەکەدا چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی خرابوونە روو و ھەروەھا چەندین ئامێریش نمایش کرابوون کە لە بواری پیشەسازیی کشتوکاڵی سوودیان لێ وەدەگیرێت و بڕیارە چەندین گرێبەست لە ئەنجامی ئەم پێشانگایە لە نێوان کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا واژوو بکرێت.

کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە ئاژانسی ئانادۆڵوش دەیگواستەوە رایگەیاند "ئێمە دەخوازین پەیوەندییەکانی ئابووریی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، پەیوەندیی ئابووریی باشمان لە نێواندا ھەیە، ھەزار و ٦٠٠ کۆمپانیای تورکی لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئومێدەوارین ژمارەی ئەوان زیاتر ببێت، ئەم جۆرە پێشانگایانە کاریگەریی باشی بۆ پەیوەندییەکانی ھەردوو لا دەبێت، مانگی ئاداری رابردوو پێشانگایەکی دیکەی لەم شێوەیە ھەبوو، زۆر کۆمپانیای تورکی لەم پێشانگایە بەشدارییان ھەیە و زۆرترینی ئەو کۆمپانیایانە بۆ یەکەمجارە بەشداریی ئەم پیشانگەیە دەکەن".

هاکان کاراچای زیاتر گوتی: "ئێمە پشتگیریی ئەم جۆرە پێشانگایانە دەکەین و ئومێد دەکەین پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن، پێویستە کێشەکانی بەردەم پەیوەندیی بازرگانی لاببرێن، وەکو کێشەی بوونی دوو گومرکی لە عێراق، پێویستە ئەو کێشە تەکنکییانەی ھەن لەبەردەم پەیوەندییە ئابوورییەکان نەھێڵێن بۆ ئەوەی بازرگانیی ھەردوو لا بەرەو باشتر بڕۆن".

سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدولڕەحیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پێشانگایە چوارەمین پێشانگایە لە ھەولێر دەکرێتەوە و تایبەتە بە پیشەسازیی کشتوکاڵی و دەبینین کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان سوودێکی باشیان وەرگرتووە لەم بوارە و ئەمساڵ دوایین پێشانگا دەبێت کە دەکرێتەوە و ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ پێشانگا دەکرێتەوە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، ھەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەڕوات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن