ئەنقەرە
لە گوتارێکدا کە لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشیکرد، عادل زۆزانی پەرلەمانتاری ھەدەپە سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا گوتی: "پێویستە هەمووان خاوەندارێتی لە قۆناغی چارەسەری بکەین و هەدەپە پەرۆشی پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەو قۆناغەیە. ئێمە نەک نابینە کۆسپی بەردەم ئەو قۆناغە، بەڵکو رێگری لەو ھەواڵانە دەکەین کە دەیانەوێ قۆناغەکە تێک بدەن و لەباری بەرن، باش دەزانین ھەر جۆرە جموجووڵێکی پێچەوانە بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا. ئەو کاتە ئەوانە سوودمەندن کە دەیانەوێ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پشێویی و ئاژاوە ھەبێ."
زۆزانی سەبارەت بە پرسی ئەو منداڵانەی کەسوکاریان دەڵێن لە لایەن پەکەکەوە رفێنراون و ئێستا لە رۆژەڤی تورکیادایە گوتی: "ئایا ئێمە ئەو منداڵانە دەبەینە سەر چیا؟ ئەمە پڕۆپاگەندەیەکی ھەڵەیە دژی هەدەپە، چونکە ئێمە شوێنی ئەوانەی لە چیان نازانین تەنیا دەزانین لە چیان و بەس، دەوڵەت لە ئێمە باشتر دەزانێ ئەو منداڵانە لە کوێن، وەرن با پێکەوە بچین ئەو بیان هێنینەوە."