هەولێر
لە رێوڕەسمەكەدا كە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەڕێوە چوو، نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و چەند بەرپرسێكی حزبی و حكومی و كۆنسوڵی وڵاتان ئامادە بوون.
جێگری سكرتێری گشتیی ی.ن.ك بەرهەم ساڵح گوتاری یادی دامەزراندنی یەكێتیی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی خوێندەوە.
لە گوتاركەیدا بەرهەم ساڵح ئاماژەی بە مێژووی حزبەكەی كرد و گوتی: "بە ئاوڕدانەوە لەو كاروانە پڕ سەروەر و خەباتەی یەكێتیی لەگەڵ هاوخەباتەكانی ئەو سەردەمەی بەرگری لە كوردستاندا، دەبینین چ گۆڕانكارییەكی گەورەی هێناوەتەكایەوە."
بەرهەم ساڵح گوتیشی: "كوردستانی ئەوكات بە رژێمێكی فاشیست گەمارۆدراو بوو، ناوەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان پێیانوابوو شۆڕشی نوێ هەڵناگیرسێتەوە و جارێكی دیكە كێشەیەك بە ناوی كێشەی كوردەوە سەرهەڵناداتەوە، بەڵام بە ئیرادەی ئەو تێكۆشەرانە و بە رێبەرایەتی هەڤاڵ مام جەلال و هاوەڵەكانی، داستانی هەستانەوە و بوژانەوەی كوردایەتییان راگەیاند، ئاوەدانی و ئازادی و پێشكەوتنی ئەمڕۆ بە هیمەتی ئەو قارەمانانە هاتووەتە بەرهەم."
هەروەها گوتی: "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە گۆڕانكاری گەورە بەڕێوەیە، بۆیە گرنگە هەموومان ئەركەكانی خۆمان بزانین و مەترسییەكانی سەر كوردستان كەم بكەینەوە."
هەروەها باسی لەوە كرد كە دەرفەتی نوێ رەخساوە و پێویستە زیاتر هەوڵی ئەوە بدەن دەرفەتەكان لەدەست نەدەن.
دواتر جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، گوتەیەكی پێشكەش كرد و پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی لە ی.ن.ك كرد و ئاماژەی كرد كە "یەكێتیی لە هەلومەرجێكدا سەریهەڵدا كە تەنانەت دوژمنی گەلەكەمان وای لێكدەدایەوە كە بوونی نەتەوەیەكی وەك كورد لەسەر نەخشەدا بوونی نەماوە، بۆیە دروستبوونی یەكێتی بۆخۆی رەتكردنەوەیەكی گەورەی ئەو خەونەی دوژمنانی گەلەكەمان بوو."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست یەكێتیی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی دیكە بەیەكەوە "بەردەوامبن لە خەبات بۆ بەدی هێنانەی مافە رەواكانی گەلی كورد."
هەر لەو رێوڕەسمەدا، بەرپرسانی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان و نوێنەری لایەنەكان و كۆنسوڵی وڵاتان لە هەولێر گوتاریان پێشكەش كرد و پیرۆزبایی یادی 39 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتییان كرد.
ی. ن. ك هاوپەیمانێتییەك بوو لە نێوان پێنج قەوارەی سیاسی كە لەلایەن جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفاوە سەركردایەتی دەكرا. بەشە سەرەكییەكان بریتی بوون لە، كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و شۆڕشگێڕان.
لە كۆی ١٥ ئەندامی دامەزرێنەری ی.ن.ك، ١٣ كەسیان كەسی ئەكادیمی و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا بوون.
وردە وردە یەكێتیی گەشەی كرد و بوو بە پارتێكی سۆشیال دیموكرات، ئێستاش ئەندامە لە رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ.
لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دامەزرا و بووە پارتێكی سەرەكی كوردی و جوڵانەوەیەكی سیاسی عێراقیی كە شوێنكەوتوویەكی زۆری هەبوو لەناو كوردەكاندا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یاریكەرێكی سەرەكی بوو لە دروستكردنی رووداوەكان لە ناوچەكەدا.
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی ی.ن.ك-ە و لە كاتی دامەزراندنییەوە لە ١٩٧٥ەوە لەو پۆستەدایە.
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كار دەكا بۆ "دەستخستنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ كوردەكان لە عێراق و داوای چارەسەری سیاسی دەكا بۆ پرسی نەتەوەی كورد لەسەر بنەماكانی دیموكراسی، مافی مرۆڤ و داننان بە شوناسی نەتەوەیی و كەلتوری."
یەكێتیی خۆی لە ئاڕاستەی سۆشیال دیموكراتی جیهاندا دەبینێتەوە و باوەڕی وایە كە "سیاسەتی حكومەت و هێزی بازاڕ دەبێ یەكبخرێ بۆ گەشەیەكی هاوتای ئابووری و كۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی."