Hemin Hüseyin
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
هەولێر ــ AA
گوتەبێژی وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لە بارەی سەردانەكەی وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق، سینان چەلەبی بۆ توركیا بۆ رای گشتی و كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاوكردەوە.
ئەمەش دەقەكەیەتی:-
دوای ئەوەی لە ھەندێك كەناڵی ناوخۆییەوە زانیاری نادروست لەسەر ھۆكارەكانی سەفەركردنی وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق، سینان چەلەبی بڵاوكرایەوە لە رۆژی شەمە 11/11/2017 روونكردنەوەیەكمان بڵاوكردەوە و تیایدا ھۆكارە دروستەكانمان خستەڕوو، بەڵام دواتر لە كەناڵی "الحدث" راپۆرتێك بە ناونیشانی "بەرپرسە ھەڵاتووەكانی ھەرێم" بڵاوكرایەوە كە تیایدا كۆمەڵێك زانیاری نادروست و ناڕەوای لەخۆ گرتبوو، بە تایبەت لە بارەی بەڕێز وەزیری داد، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم روونكردنەوە نوێیە بڵاوبكەینەوە:
یەكەم ـ سینان چەلەبی كەسایەتییەكی ناوداری ھەولێرو كوردستان و عێراقە و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی وسیاسی بەھێزی ھەیە لەنێو كۆمەڵگەی ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی پێكھاتەی توركمان و لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەكان پەیوەندییەكانی لەوپەڕی باشیدایە و جێگەی رێزو تەقدیری ئەو لایەنانەیەی لە ئاستی كوردستان و عێراقیشدا رۆڵێكی نیشتمانی گرنگی ھەبووە لە بونیاتنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێشخستنی بوارەكانی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووری، لەبەرئەوە ھیچ پاڵنەرێك نییە ببێتە ھۆكار بۆ جێھێشتنی ھەرێمی كوردستانی عێراق.
دووەم- ھۆكاری جێھێشتنی وەزیری داد، سینان چەلەبی سەددەرسەد بەندە بە رەوشی تەندروستی بەڕێزیانەوە، كە لە دوا پشكنینینی ئاسایی پزیشكی لە كۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردوو، دەركەوت كێشەیەكی تەندروستی ھەیە، بۆیە بە پێویستی زانی سەردانی توركیا بكات تا لەوێ پشكنینی پزیشكی زیاتری بۆ بكرێت، لەئەنجامدا دەركەوت بەڕێزیان پێویستی بە نەشتەرگەری پرۆستات ھەیە، لەبەرئەوەی سنان چەلەبی بۆ خۆی نەخۆشی شەكرەشی ھەیە، ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە وا پێویستی كرد بۆ ماوەیەك لەژێرچاودێری تایبەتی و بەردەوامی پزیشكیدا بمێنێتەوە، بە مەبەستی ئاسایكردنەوەی رەوشی تەندروستی و لابردنی ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی كە نەخۆشی شەكرە بۆ نەشتەرگەریی دروستی دەكات، دواتر لە 30/10/2017 لە LIV HOSPITAL - لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، كە لەوبارەوە راپۆرتی پزیشكی دراوەتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كە تاییدا ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە سنان چەلەبی بۆ ماوەی (45) رۆژ لە (7/11/2017 تا 22/12/2017 ) لەژێر چاودێری پزیشكیدا بمێنێتەوە ونابێت بە ھیچ جۆرێك ئامرازەكانی گواستنەوە بەتایبەت ئۆتۆمبێل بەكاربھێنێت، ئەوەش ھۆكارێكە بۆ مانەوەی سنان چەلەبی بۆ ماوەیەكی درێژ لە وڵاتی توركیا، رای گشتی دڵنیا دەكەینەوە كە دوای تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، وەزیری داد، سینان چەلەبی بەزووترین كات بۆ ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە و وەكو وەزیری دادی ھەرێمی كوردستانی عێراق لەكارەكانیدا بەردەوام دەبێت.
سێیەم- یەكێك لە تۆمەتە ھەرە ناشیرین و بێبنەماكانی كەناڵی "الحدث" ئاماژەكردنە بەوەی كە وەزیری داد رۆڵی ھەبووە لە دەستگیركردنی كەسانێكی زۆر لەوانەی ئۆپۆزسیۆنی دوو پارتی گەورەی ھەرێمی كوردستان بوون، كە ئەوەش جگە لە تۆمەتباركردنێكی بێ بنەماو پووچ و دوور لە ئاكاری رۆژنامەوانی، ھیچی دیكە نییە، چونكە دادگاكان سەربە وەزارەتی داد نیین و سەربە ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستانن، بەڕێزیان ھیچ دەسەڵاتێكی لەوجۆرەی نییە كە بتوانێت خەڵك دەستگیربكات، ھەربۆیە وەزارەتمان ھەموو رێكارێكی یاسایی گرتۆتەبەر بە مەبەستی لێپێچینەوە لەگەڵ كەناڵی ناوبراودا كە لە ئێستادا وەزارەتی داد ئاگاداری سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كردووە بە مەبەستی جووڵاندنی داوای سزایی كە وەزارەت تیایدا لایەن دەبێت وەكو لایەنی دادخواز.