Adham Kako,Eşref Musa,Mehmet Burak Karacaoğlu
30 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2020
ئەنقەرە/ ئيدلب - AA
بە هاوكارى پاڵپشتى ئاسمانى رووسيا، رژێمى بەشار ئەسەد و گرووپە ئێرانييەكان بەرە بەرە لە ئيدلب، دەست بەسەر ئەو ناوچانە دەگرن كە سڤيلەكان لە ترساندا چۆڵيانكردووە.
لە ناوچەى كەمكردنەوەى گرژييەكانى ئيدلب، سوپاى رژێمى ئەسەد و گرووپە پاڵپشتكراوەكان لەلايەن ئێرانەوە، كە هێز لە هێرشە ئاسمانييە چڕەكانى رووسياوە وەردەگرن، ترس بڵاودەكەنەوە.
ملیۆنان خەڵكى سڤيل ناوچەكانيان لە ترسى ئەنجامدانى كۆمەڵكوژى لەلايەن سوپاى رژێمى ئەسەد و گروپە تيرۆريستييەكان پاڵپشتكراو لەلايەن ئێرانەوە چۆڵدەكەن.
رۆژانە نزيكەى ١٠ هەزار سڤيل، لە گوندەوارەكانى رۆژئاواى حەلەب و ناوچەى كەمكردنەوەى گرژييەكانى ئيدلبەوە بەرەو سنوورى توركيا-سووريا ئاوارە دەبن.
سەدان هەزار سڤيلى ديكەش لەو ناوچانە ئارامانەى كە پێشتر روويانتێكردبوو، بەرەو سنوورى توركيا هەڵاتوون.
- دەست بەسەر مارەت نوعمان و ديان شوێنى ديكەدا گيراوە
چڕكردنەوەى هێرشەكانى رووسيا، رژێمى ئەسەد و ئێران بۆ سەرئەو ناوچە سڤيل نشينانەى كە چەكدارانى ئۆپۆزيسيۆن و گرووپەكانى دژ بە رژێم كردوويانەتە بەرەى شەڕ، ئاماژەيەكە بۆ ئەوەى كە دەيانەوێت ئيدلب بكەنە ناوچەيەكى تەواو چۆڵكراو.
سوپاى رژێم و گرووپەكانى سەر بە ئێران بە هاوكارى رووسيا، دەسەڵاتيان بەسەر ئەو گوندە چۆڵكراوەكان دەگرن.
رژێمى ئەسەد و هاوكارەكانى كە هەڕەشەيان بۆ سەر مليۆنا سڤيل لە ئيدلب دروستكردووە، دەستيان بەسەر مارەت نوعمان كە گەورەترين شارۆچكەيە لەگەل دەيان گوند گرتووە.
هێزەكانى رژێم، بە پاڵپشتى ئاسمانيى رووسيا، ئەمرۆ دەستى بەسەر شەش ناوچەى جێنشين لە باشوورى رۆژئاواى ئيدلب گرت.
تەنها لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٩وە بۆ ئێستا مليۆنێك و ٣٠٠ هەزار كەسى سڤيل لە ناوچەى كەمكردنەوەى گرژييەكانى ئيدلبەوە بە هۆى هێرشەكانى رووسيا، رژێم و گروپە ئێرانييەكان روويانكردووەتە سنوورى توركيا. بۆردومانەكان بوونەتە هۆى گيانلەدەستدانى زياتر ١٦٠٠ كەسى سڤيل.
لەلايەكى ديكەوە، لە هێرشی فڕۆكە جەنگييەكانى رووسيا لە كاتژمێرەكانى درەنگى شەو بۆ سەر شارۆچكەى ئەريحا لە سووریا نەخۆشخانەيەك و فرنێكى كردە ئامانج و لە ئاكامدا ١٠ كەس گيانيان لەدەستدا و نزيكەى ٣٧ سڤيلى ديكەش برينداربوون. لەلاى خۆيەوە وەزارەتى بەرگريى رووسيا هەواڵەكانى بە درۆخستەوە و رايگەياند ئەوان هيچ رۆڵێكيان لەو هێرشەدا نەبووە.
- روونكردنەوەى ئەردۆغان سەبارەت بە ئيدلب
دوێنێ سەركۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان لە كاتى گەرانەوەى لە گەشتەكەى لە سێنیگال، سەبارەت بە ئيدلب بە رۆژنامەنووسانی گوت:"چەند گوتووێژ و رێككەوتنێكمان لە سوچى و ئاستانا لەگەڵ رووسيا ئەنجامدا. لەئەگەرى پابەندبوونى رووسيا بەو رێككەوتنانە، ئێمەش بە هەمان شێوە بەردەوام دەبين. بە داخەوە رووسيا لە ئێستاوە، پابەند نييە بە سوچى و ئاستانا. هاورێكانمان لەگەڵ هاوتاكانيان قسەدەكەن. لەو گفتوگۆيانە پێيان دەڵێن، ئەگەر بۆردومانەكان و هێرشەكانى ئيدلب رادەگرن رابگرن، ئەگەر رايناگرن ئێمە ئيتر پشوومان كۆتايى پێدێت. لەمە بەدواوە چى پێويست بێت ئێمە ئەوە دەكەين'. دوايين شت لە حەلەب تەقە بە ئاراستەى ئێمەوە دەكرێت. ئێمە تارادەيەك دان بەخۆمان دەگرين، دانمان بەخۆماندا گرت بەڵام بە پاش ئەوە خۆمان كارى خۆمان جێبەجێدەكەين".