هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند کە بەرپرسی سەربازیی ویلایەتی نەینەوای داعش ئەبو عەبدولڵا، ئەمرۆ لە ناوچەی خازر کوژراوە.
لە راگەیاندراوێکی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بەوەکراوە کە ناوی تەواوی ئەبو عەبدولڵا (یاسین عەلی سلێمان شلاش)ە و خەلکی موصڵە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٤.
باس لەوەشکراوە کە ناوبراو دەرچووی کۆلێژی ئاداب بەشی عەرەبی بووە و ماوەیەک مامۆستا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە پەیوەندی بە رێکخراوی تەوحید و جیهاد کردووە و نازناوی "حەجی تارق"ی هەبووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ بەیعەتی داوە بە رێکخروای قاعیدە و کەسێکی نزیکی زەرقاوی بووە و بە "ئەبوو سومەیە" ناسراوە.
ئەوەش راگەیاندراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ سەرپەرشتیار و پلاندانەری سەرەکی تەقینەوەی رێککەوتی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر بووە و لە سالێ ٢٠١٠ لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنی عێراقی کراوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و رەوانەی زیندانی ئەبو غرێب کراوە. لە ساڵی ٢٠١٣ لە کرداری شکاندنی زیندانی ئەبو غرێبدا بەرەو سوریا رایکردووە و لە هەمان ساڵدا پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و لەناو ئەو گروپەدا بە ئەبو عەبدولڵا ناسراوە بووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە کە ناوبراو بەرپرسی گشتیی سەربازیی ویلایەتی نەینەوای داعش بووە و لە چەند مانگی رابردوودا سەرپەرشتی هەموو کردارە سەربازییەکانی سنووری نەینەوای کردووە.
جەختیشکراوەتەوە کە ناوبراو ئەمڕۆ لە ئۆپەڕاسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەسەن شام و دەوروبەری، کە بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە و هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا ئەنجامدرا، لەگەل ژمارەیەک چەکداری دیکەی یاوەری کوژراوە.