قارس
لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبەردەم دادگای شاری قارسدا، ئالناک ئاماژەی بەوەکرد کە جارێکی دیکەش دەجێتەوە زیندان و گوتی: "هەندێک پێم دەڵێن شورەییە بەم تەمەنەوە بچیتە نێو زیندانەوە، منیش لە وەڵامدا دەڵێم، خۆی لە خۆیدا نەچوونە بەندیخانە لەم تەمەنەدا شورەییە، چونکە ئەگەر بەساڵاچووانی هاوشێوەی ئێمە نەچینە بەندیخانە و ئامادە نەبین باج بدەین، ئەوە ئەرکی خۆمان بەرامبەر بە گەنجان و نەوەی داهاتوو جێبەجێ ناکەین و ناپاکی بەرامبەر بە مێژوو دەکەین."
هەروەها گوتی: "ئەگەر بمویستایە وەک پارێزەر و سیاسییەک، دەمتوانی سوود لەو نیعمەتانە وەگرم و لەناو جەرگەی ئەستەنبوڵدا بیناکانم بە ئاسماندا بەرزدەکردەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، من خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر نەوەی داهاتوو، ئەگەر من نەسوتێم، ئازار نەکێشم، ئەوە سبەی نەوەکانی من و نەوەکانی هەموومان ناچار دەبن باج بدەن، ئەگەر کاتی خۆی باپیرەم ئامادەبوایە باج بدا، ئەوە من ئەمڕۆ نەدەچوومە بەندینخانە. بۆیە ئەم سزایە بۆ من وەک مەدالیایەکی شەرەف وایە."
ئالناک ئاماژەی بەوەشکرد کە دواین جاری نابێ کە دەجێتە بەندیخانە و ئاشکرایکرد کە ئەمە جاری نۆیەمە دەچێتە بەندیخانە.
ئاڵناک ئاماژە بەوەشدەکا کە تا ئەو بەردەوام بێ لە هەڵوێستەکانی وەک ئۆپۆزسیۆنێک، ئەوە بەردەوام کەلەپچە بە دەستەکانییەوە دەبینێ و گوتی: "هۆکاری بەندکردنم ئەوەیە، لە ناوەراستی مانگی نیسانی ٢٠٠٨دا ژنێکی بەساڵاچوو هاتە لام و ئەوکات پارێزەر بووم. ئەو ژنە پێی گوتم کە کوڕەکەی بەهۆی بەرپەرچدانەوەی بەرامبەر پۆلیس دەستگیرکراوە، لە قاتی یەکەمی دادگادا کەسێک کەوتبوو هەموو گیانی خوێن بوو، خەلکی دیگۆر بوو ناوی تەحسین ئۆرمان بوو، کە لێم پرسی بۆ وات لێهاتووە، بە دەستی ئاماژەی کرد بۆ پۆلیسەکان و گوتی لێیاندام. منیش خۆم پێنەگیرا لەبەرامبەر ئەو تابلۆ مەترسیدارەدا، نەمەتوانی بێدەنگبم، شەرمم لە خۆم دەکرد. دەموت ئەمە کارێکی وەحشیگەرانە و ئاژەڵیانەیە، ئەوکات پۆلیسێک تۆمارێکی نوسیبوو، من ئاگاداری نەبووم. دواتر ئاگادارکرامەوە ئەو داواکارەی تۆمارەکەی وەرگرتووە لە بری ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پۆلیسانە دەست پێبکا، هاتووە لەسەر من لێپێجینەوەکەی دەستپێکردووە بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پۆلیسەکان، دادگاش بەپەلە سزای ١٤ مانگ و ١٧ رۆژی بەسەردا سەپاندم، هیچ بەڵگەیەکی دیکەش لەسەر تۆمارەکەی پۆلیس نییە، نەیانتوانی بە بەڵگە بیسەلمێنن، دادگاش ئەمەی بە هەل زانی و سزایدام، دادگای باڵاش قبوڵیکرد."
لە دوای تەواوکردنی کاروباری دادگاکەی، بەرەو بەندیخانەی کراوەی قارس رەوانەکرا.