هەولێر
نوێترین بابەتی پەرلەمانی كوردستان، كە گفتوگۆی لەسەر دەكا پرسی پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستانە.
تا ئێستا هەرێمی كوردستان دەستووری نییە تەنیا پڕۆژەیەك نەبێ هەنووكە لایەنەكانی سیاسی لە كوردستان لەسەر چۆنیەتی میكانیزم و بەندەكانی ئەو پڕۆژەیە رێك نەكەوتوون.
بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانە، سەرۆكی فراكسیونەكانی نێو پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆدەبنەوە و گفتوگۆی رەشنووسی پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان دەكەن.
سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بریِارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆببینەوە و لەبارەی پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ بكەین. بێگومان پرسێكی گرنگە هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕوانن كە پرسی دەستووری هەرێمی كوردستان یەكلا ببیتەوە".
تاڵەبانی گوتیشی: "لەقۆناغی ئێستا بەو پێیەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەنێو دەسەڵاتدان، یەكلا كردنەوەی پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، ئاسانترە".
سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشكرد بابەتێكی تری گرنگ كە بەستراوەتەوە بە پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمە. بێگومان لەقۆناغی ئێستا دوای ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ دووساڵ درێژكرایەوە، بەپێی یاساكە جارێكی تری ناتوانرێ ماوەی سەرۆكایەتی بەڕێز بارزانی درێژ بكرێتەوە".پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، ساڵانێكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بەهۆی ناكۆكی و پێشنیاری جیاواز تا ئێستا نەتوانراوە، یەكلایی بكرێتەوە و ئەو پڕۆژەیە بخرێتە ریفراندۆمەوە.
خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنەكانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە خاوەن زۆرترین نفوزی جەماوەرییە و لە پەرلەمان 38 كورسی هەیە، سیستەمی سەرۆكایەتی و پەرلەمانییە. پێدەچێ لە قۆناغی ئێستا كە ئۆپۆزسیۆنی پێشووی كوردستان لە دەسەڵات بەشدارە، یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە ئاسانتر بێ.
ئەمەش لەدوای ئەوەدێ هەفتەی رابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد لە دیدارێكدا پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان یان تاوتوێ كردبوو.
سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد ئومێد خۆشناو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی راوێژكاریی و سەرەتاییە بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لێك تێگەیشتن و ئاڵوگۆرێكی بیروڕایان هەبێ و بزانین چی دەكەین و چۆن بتوانین لەبارەی پڕۆژە دەستوورەوە لە رۆژانی ئایندە گفتوگۆ بكەین".