واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە گۆڕانكارییە وەرزییەكانی ستراتیژی كە بەهاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ناوەندی فۆرەیگن پۆلیسییەوە رێكخرا بوو گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناڤین و ئۆپەراسیۆنەكانی دژی تیرۆریستانی داعشی كرد و گوتی: "ئەوە راستە كە هەندێ كەس دەڵێن هێرشەکانی ئاسمانی بۆ سەر پێگەی تیرۆریستان لە سووریا بەسوودی رژیمی بەشار ئەسەد دەبێت، بەڵام پێشبینییەكی بەو جۆرە لە هەڵە تێگەیشتن لە بارودۆخی سیاسی سووریاوە سەرچاوە دەگرێت".
كیری لە درێژەدا گوتی: "ئەوەی راستی بێ ئەوەیە كە داعش و رژیمی بەشار ئەسەد پێكەوە بەستراونەتەوە بۆیە رژیمی بەشار ئەسەد بەبێ راوەستان ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو بۆردومان دەكات و بۆ رێگری كردن لە پێشڕەوی كردنی داعش هیچ شتێك ناكات و ئەمە جێگای هەڵسەنگاندنە چونكە لە نێوان رژیمی بەشار ئەسەد و داعشدا جۆرە پەیوەندییەكی سەمپاتیك هەیە و داعش خۆی وەكو تاقە ئەڵتەرناتیڤی رژیمی بەشار ئەسەد لە قەڵەم دەدا و ئەسەدیش دەڵێ لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعشدا من دوایین هێڵی بەرگری كردنم و بەڵام لە كۆتاییدا هەردوویان بەهێزن".
كیری بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: "چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش ئێمە ناترسێنن و سەركردەكانی داعش ئەوەندە نەزان و ترسنۆكن كە وا دەزانن جیهان ناتوانێ رووبەڕوویان ببێتەوە بەڵام پێویستە هەر كەس بزانێ كە ئەمریكا نەترساوە و ناترسێت".
كیری گوتی: "ئێمە هێشتا لەو باوەڕەداین كە رێگەچارەی قەیرانی سووریا رێگەچارەی سەربازیی نییە بەڵكو دامەزراندنی سیستەمێكی نوێی سیاسییە كە باوەشی بۆ هەموولا و هەموو پێكهاتەیەك كراوە بێ، هاوكات پێویستە هەوڵ بۆ خۆش كردنی رێگای گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سووری و لاوازتر كردنی جیهادییە بێگانەكان لە سووریا بدەرێت. چونكە ئەمە باشترین رێگای دەست پێ كردنی دیالۆگێكی نوێ بۆ دەست پێ كردنی قۆناغێكی نوێی سیاسییە بەڵام بەهێزبوونی داعش لە سووریا بووەتە هۆی ئەوەی كە ئێمە بیر لە هەنگاوی نوێ بكەینەوە كە بتوانین مەترسی داعش لە ناوچەكەدا لەناو ببەین. چونكە ئەگەر نەتوانین داعش لەناو بەرین ئەوە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داهاتووییەك نییە كە بتوانین قەبووڵی بكەین".
كیری لە کۆتاییدا گوتی: ب"ەرەژوەندییەکانی ئەمنی و نەتەوەیی ئەمریكا وا دەكەن كە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بێ لەسەر ستراتیژییەتەكەی، نازانم چەند كەس و لایەنێك ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرەو سەربەخۆیی لە بواری وزەدا دەڕۆین بۆیە دەتوانین دەستبەرداری رۆژهەڵاتی ناڤین بین، بڕواتان هەبێ باوەڕ ناكەم هیچ یەك لە ئێمە حەزی لەوە بێ كە بەهۆی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناڤینەوە لە نۆرەی وەرگرتنی دوو لیتر بەنزین رابوەستین، ئەویش بەنرخێكی چاوەڕوان نەكراو. راستە لەم ساڵانەی دواییدا سەرچاوەكانی وزەی ئەمریكا زۆرتر بوون و هەنووکە كەمتر پێویستیمان بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناڤینە بەڵام لە راستیدا بازاڕی وزە بازاڕێكی جیهانییە بۆیە روودانی هەرجۆرە كێشە و گرفتێك لە نەوتی كەنداودا كاریگەریی لەسەر ئاسوودەی ئێمەیش دەبێت".