Aras Hussein
30 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2021
دهۆک - AA
ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە، بەھۆی شۆتی کارەباوە ئاگر لە کۆگای کومپانیایەکی کەلوپەلی خۆراک لە شاری دهۆک، کەوتەوە.
بەرپرسی راگەیاندن و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی دھۆک، بێوار عەبدولعەزیز بە ئاژانسی ئانادۆلۆ راگەیاند :"کاتژمێر ٥:٢٠ ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگر لە کۆگای کۆمپانیایەکی کەلوپەلی خۆراک کەوتەوە".
بێوار عەبدولعەزیز گوتیشی: "تیمەکانمان کە سێ تیمن لە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەدان چونکە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت چەندین کوگای دیکە کە لە دەوروپشتی ئەو کوگایەدان، ئەوانیش گڕ دەگرن".
ناوبراو لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرە، گوتی :"ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەدا بەھۆی شۆتی کارەباوە بووە، و بووەی ھۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی ئیجگار زۆر چونکە ئەو کۆگایە بە دەیان تۆن کەلوپەلی خۆراکی تیادابوو".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی دھۆک گوتیشی: "تا ئێستا ھیچ زیانێکی گیانی بە ھۆی ئەو رووداوە نەکەوتووەتەوە و تیمەکانمان دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە زیانە ماددییەکان دەخەمڵێنن".
ئەو کۆگایەی کەلوپەلی خۆراک کە گڕی گرتووە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری دھۆک لە پشت پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل و لە ماوەکانی رابردووشدا چەندینجار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچەیەدا دروستبووە.