Ramal Mahmood
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
کالیفۆرنیا - AA
- زیاتر لە هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لەهەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرەی کە ماوەی سێ رۆژە لە دارستانەکانی زنجیرە چیاکانی سانتا کروز لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کەوتۆتەوە.
- دانیشتوانی ئەو شارەدێیانەی کە لەترسی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە بەشێوەیەکی کاتی لە قوتابخانە، کڵێسا و بنکە کۆمەڵایەتییەکانی شارەدێکانی دیکە گیرساونەتەوە.
ماوەی سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی زنجیرە چیاکانی سانتا کروز لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، کەوتۆتەوە وهێشتا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.
تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە زۆربەی دانیشتوانی هەردوو شارەدێی لۆما تشیکیتا و لۆما بریتا ماڵەکانیان چۆڵ کرد.
ئاگرەکە کە حەوت تەلاری شارەدێی لۆما تشیکیتای بەتەواوی سووتاندووە، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە تا دێت خێراتر تەشەنە دەکات. تا ئێستا زیانی زیاتر بە دوو هەزار و ٢٥٠ دۆنم زەوی گەیاندووە و ئەو خەڵکانەیەش کە لەترسی ئاگرەکە ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە بەشێوەیەکی کاتی لە قوتابخانە، کڵێسا و بنکە کۆمەڵایەتییەکانی شارەدێکانی دیکە گیرساونەتەوە.
زیاتر لە هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لەهەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە. زانراوە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە تاکو ئێستا توانیوویانە تەنها لە سەدا ١٠ی ناوچە ئاگرتێبەربووەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.
گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی کاڵ فایر، ئەنجێلا بەرنهیسەل لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تیمەکانی پشتیوانمان رەوانە کردووە. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی بەهۆی وشکی بەرزی پلەکانی گەرماوە ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە دەکات، گوتی: "ئەوەش وا دەکات کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کارێکی قورس بێت و کاتی پێویست بێت. ئاستەنگی سەرەکیش ئەوەیە ناوچەکە سەخت و بەردەڵانە. کە دەبێتە هۆی ئەوەی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە بە ئاسانی نەتوانن بگەنە شوێنەکە. کارمەندانمان وەکو دوو رۆژی رابردوو هەموو هەوڵکێکیان دەخەنە گەڕ بۆ گەیشتنە ئەو ناوچانە. ئەمڕۆ رەوشی کەشوهەوا لەچاو دوو رۆژی رابردوو فێنکترە. هیوادارم ئەوەش ببێتە هۆی کارئاسانی بۆمان".
دانیشتوویەکی شارەدێی لۆما تشیکیتا، بەناوی نۆرمان نۆبڵ رایگەیاند کە وەک میوان لای هاوڕێیەکی دەمێنێتەوە و بۆ ئەوەی بزانێت رەوشی شارەدێ و خانووەکەی بەکوێ گەیشتووە هاتووە بۆ لۆما تشیکیتا.