Dilşad Seyfeddin Ahmed
08 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2015
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شوێنی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان لە هۆڵی هۆتێل گراند میلینیۆم لە شاری سلێمانی رایگەیاند کە زیاتر لە 300 كەس لە چین و توێژە جیاجیاكان لە بەردەم هۆتێلەكەدا كۆبوونەتەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان و هۆتاف كێشان كردووە.
خۆپیشاندەران بە بەرزكردنەوەی دروشم و هوتاف كێشان دژی بەردەوامی كۆبوونەوەكان دەیانەوێت بچنە نێو هۆتێلەكەو بەردەم هۆڵی كۆبوونەوەكانەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری هێزی چالاكییە مەدەنییەكان و هێزە ئەمنییەكان رێگری دەكەن.
سەرەتا خۆپیشاندەران تا نیوەی رێگای هۆتێلەكە نزیكبوونەوە، بەڵام لە پرسگەی سەرەكی هۆتێلەكە رێگریان لێكرا، بەو هۆیەوە گرژی و پێكدادان لە نێوان هەردولا سەری هەڵدا.
بۆ مەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەرێک، هێزێکی زیاتر ئەمنی رەوانەی ناوچەکە کراوە.
خۆپیشاندەران داوایان لە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەکرد بۆ ئەوەی بێتە بەردەم خۆپیشاندەران و روونكردنەوە بدات لەسەر دۆخی ئێستای هەرێم.
لە میانەی گرژییەکاندا، هێزەکانی ئەمنی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کامیرای تەلەفزیۆنی تەرەتە کوردی یان وەرگرت و دوای دەرهێنانی میمۆری و دڕاندنی لۆگۆی سەر کامێراکە و لێدانی پەیامنێر و کامێرامانی ئەو تەلەفزیۆنە، کامێراکەیان بۆ پەیامنێرەکە گەڕاندەوە.