Hamit Hüseyin
08 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2015
بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕی ١٨,٦١٤,٧٩٨ بەرمیل نەوتی خاو (واتە تێكڕا ٦٢٠,٤٧٨ بەرمیلی رۆژانە)ی لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا لەڕێگەی تۆڕی بۆری نەوتی كوردستانەوە بۆ بەندەری جیھان لە توركیا ھەناردە كردووە.
لەم بڕە، كێڵگەكانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان بە ١٣,٨٩٨,٥٤٨ بەرمیل (واتە تێكڕا بە ٤٦٣,٢٥٨ بەرمیلی رۆژانە) بەشداریان كردووە و ئەو كێڵگانەشی كە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە بەڕێوە دەبرێن بە ٤,٧١٥,٧٩٤ بەرمیل (واتە تێكڕا بە ١٦٨,٩٠٤ بەرمیلی رۆژانە) بەشداریان كردووە.
لەو بارەوە سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان شێركۆ جەودەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەرێمی كوردستان بەپێی ئەو ئامارەی كە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان كە لە ھەمان كاتدا دیوانی چاودێری دارایی رێگە بە لێكۆلینەوە و وردبینی کردنی نادات زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا رەوانەی بەندەری جیھان دەكات بەڵام دەبێت دیوانی چاودێری داریی دڵنیایی درووست بكات لە سەر زانیارییەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان بۆ پرسی نەوت".
جەودەت گوتی: "تا ئێستا ژمارەكان تەنیا لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانەوە ئاشكرادەكرێن. لە دوواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان راگەیەنرا كە هەفتانە دەبێت ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بێتە ھەرێمی كوردستان و ئەوەیش لە مانگێكدا دەكاتە ٨٠٠ بۆ ٨٥٠ ملیۆن دۆلار و ئەمەیش لە كاتێكدایە كە مووچەی ھەموو فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ٧٥٠ ملیۆن دۆلارە، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت".
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "بەپێی قسەی وەزیری سامانە سرووشتیەكان كە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ راگەیاندبوو 'دەبێت لە مانگی تشرینی یەكەمی 2015 كۆتایی بە كێشەی مووچە بێت' بەڵام تا ئێستا كێشەكە چارەسەر نەكراوە و كێشەكان رۆژ بە رۆژ قۆلتر دەبنەوە".
لە كۆتاییدا شێركۆ جەودت گوتی: "پێویستە لەو سێ مانگەدا نزیكەی سێ ملیار دۆلار لە داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستان هاتبێتە ھەرێم ئەمەیش وای كردووە كە ئێمە پشتیوانی لە شەقام بكەین".
ھەروەھا بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان بەھۆی چەند بارودۆخێكەوە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستاندا بووە، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا ھێڵی بۆری ھەناردەكردنی نەوت بۆ ماوی دوو رۆژ لەكاركەوت كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە ئەنجامی كاری تێكدەرانە و دزیكردنەوە روویدا، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام بوو لە زیادكردنی فرۆشتنی راستەوخۆی خۆی لە بەندەری جیھان بۆ قەرەبووكردنەوەی ھەرێم بەرامبەر كەمیی دابینكردنی بوودجە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە.