Hawkar Yaseen
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چوار کاتژمێر لەگەڵ لیژنەکەدا لە کۆبوونەوەدابوو.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، شێرکۆ جەودەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "کێشەکە ئەوەیە حکوومەت گیرۆدەی هەڵەکانی قۆناغی رابردوویەتی، بابەتی پاشەکەوتکردنی مووچە و ئەو مانگانەی لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم کەڵەکە بووبوو لەسەر حکوومەت و دواتریش چەند مانگێک کابینەی نۆیەم مووچەی نەداوە، ئێستا لەگەڵ بەغدادا گفتوگۆ هەیە و رێککەوتنی مەبدەئی هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، بەغدا داوای کردووە ئەبێت سیستمی مووچەی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکبخرێت بەو مانایەی کاتێک بەغدا مووچەی مانگی نۆ دەنێرێت هەرێمی کوردستانیش مووچەی مانگی نۆ بدات، چونکە هەر لە رووی وردبینی و بەدواداچوونەوە تا دەگاتە حساباتی دارایی یەکخستنی زۆری پێویستە، بەڵام ئەوەی کە کێشەیە ئەو پێنج مانگەیە لە مانگی چوار تا مانگی نۆ کە مووچەی تیادا نەدراوە و دواکەوتووە ئەوە گرفتێکی گەورە".
شێرکۆ جەودەت دەربارەی بڕیاری حکوومەت بۆ پاشەکەوتکردنی ئەو مانگانەی کە وەک قەرز لەلایەتی رایگەیاند "بە حکوومەت و وەزیری داراییمان گوت، 'ئەمە سەرپێچی یاسایە و لێبڕینی سەدا ٢١ و سەدا ١٨ەکە سەرپێچی یاسایە'، ئەوانیش جەختیان کردەوە کە راستە ئەمە سەرپێچی یاسایە، بۆیە ئەگەر دادگا و سەروەری یاسا هەبێت بەرپرسان و بڕیاردەران لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر ئەو سەرپێچییە یاساییانەی کردوویانە لە لیستی مووچەدا دادگایی بکرێن".
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، شێرکۆ جەودەت گوتیشی: "ئەو پینج مانگەی کە لای حکوومەتە ئێستا لە دانوستاندندان کە دوو مانگیان کە مووچەی ئەمساڵە حکوومەتی بەغدا بیدات، سێ مانگیشی دەچێتە پاڵ پاشەکەوتەکەی رابردوو دەبێتە قەرز لەسەر حکوومەت".
شێرکۆ جەودەت دەربارەی وادەی دابەشکردنی مووچەش گوتی: "بەپێی وتەی وەزیری دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە لەسەر بەغدا وەستاون، گوایە ئەمڕۆ بەغدا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، شێرکۆ جەودەت راشیگەیاند "لە هەرێمی کوردستان پارە هەیە، بەڵام حکوومەت گیری خواردووە بەدەست چەندین هەڵە و چەندین سەرپێچی بۆ نموونە؛ خاڵە گومرکییەکان ئەکرێت یەک بە دە داهاتەکەیان بەرزببێتەوە ئەگەر ئەو چاکسازییانەی کە پێویستە بکرێت، بەڵام دیارە گەندەڵییەکان و رێگرییەکان وایانکردووە ئەو داهاتانە بەردەست نەبن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدابێت پارەی بۆ بنێرێت".