Hemn Husain
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2016
هەولێر
بەرپرسی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور – گوێر، سیروان بارزانی لە لێدوانیكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەكە تیرۆریستانی داعش دەستیان كردووە بە بەكارهێنانی گازی كیمیاوی و لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بە توندی رووبەڕوویان دەبنەوە و، ئەوەی كە ئێمە رۆژانە لە میحوەری خۆمان دەیبینین ئەوەیە كە تواناكانی داعش تەواو لاواز بووە".
سەبارەت بە هاتنی فیرقەی 15ی سوپای عێراق بۆ مەخموور، سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە چاوەڕێی دانانی پلانی كۆتایی دەكەن بۆ ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و گوتی: "دوای ئەوەی فیرقەی 15ی سوپای عێراق بە تەواوی گەیشتنە مەخموور و چاوەڕێی هێزەكانی دیكە دەكەن بۆ ئامادەكاری و دانانی پلانی كۆتایی تاوەكو دەست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە بكرێت".
لەبارەی ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق، سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە لە ئێستادا ناتوانن ژمارەی ئەو سەربازانە ئاشكرا بكەن و لە هەمانكاتدا رایدەگەیەنێت كە هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشی دایە و گوتی: "سەبارەت بە كاتی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ ئەوا پەیوەستە بە حكوومەتی عێراق و، هێزەكانی سوپای عێراق گەیشتوونەتە مەخموور بەڵام جارێ خەریكی ئامادەكارییەكانن لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان و چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە حكوومەتی عێراق ئامادەكارییەكانی تەواو بكات". رۆژی ١٢-٨-٢٠١٥ بۆ یەكەمجار چەكدارانی داعش نزیكەی ٤٥ گولـلە ھاوەنی جیاوازیان ئاراستەی پێشمەرگە كرد و لەو ھێرشەی داعشدا چەند پێشمەرگەیەك بەھۆی ماددەی كیمیاوییەوە جەستەیان سووتا، دەستبەجێش تیمێكی سەربازیی ئەمریكی و فەڕەنسی گەیشتنە میحوەرەكە و لێكۆڵینەوەیان لە ماددەكە دەست پێ كرد و دواتر وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ھەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند، كە پێشمەرگە بە چەكی كیمیاوی لە ماددەی كلۆرین لەلایەن داعشەوە ھێرشی كراوەتەسەر.