Dilşad Seyfeddin Ahmet
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ بانگخوازی دیاری كوردستان شەماڵ موفتی بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێكدا تەرمەكەی گەڕێندرایەوە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و مامۆستایانی ئایینی و دانیشتوانی شارەكە لە گۆڕستانی سەیوان بەخاك سپێردرا.
شەماڵ موفتی بانگخوازێكی ئایینی ناسراوی كوردستان بووە و لە رێگەی گوتارەكانیانەوە لە دەزگاكانی راگەیاندن و كۆڕەكانەوە كە بەشێوازێكی زانستیانە بابەتە ئاینییەكانی شی دەكردەوە .
موفتی ساڵی 1955 لە شاری بەغدا لەدایك بووە و ساڵی 1972 بەشی زمانی ئینگلیزی زانكۆی ئەمریكی لە بەغدا تەواو كردووە، چالاكوانێكی بواری ژینگە بووە و ساڵی 1991 یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لە هەرێمی كوردستان.
ساڵی 2003 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی ژینگەی عێراقی و دواتر راوێژكاری وەزارەتی ژینگەی هەرێمی كوردستان.
موفتی ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە شاری هەولێر لەژێر چاودێری پزیشكیدا بووە.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد پرسەنامەیەكی ئاراستەی كەسوكارەكەی كردووە و رایگەیاندووە "هەواڵی كۆچی دوایی، زانا و دامەزرێنەر و سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، مامۆستا (شەماڵ موفتی)مان بیست. شەماڵ موفتی یەكێك بوو لە زانا دیارەكانی بواری خزمەتكردنی زانست و ژینگە و بیریی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان.
لەم بوارەشدا چەندین توێژینەوە و كۆڕ و سیمیناریی گرنگی هەیە و چەندین ساڵە، وەك سەربازێكی ون لە كۆڕی خەباتی زانستی و بیریی میانڕەویدا سەرقافڵەی ئەو كاروانە بووە. هەر بۆیە بە كۆچی دوایی ئەم مرۆڤە زانایە، بۆشاییەكی گەورە لە بواری زانست و هزری ناتوندوتیژیدا لە كوردستان درووست دەبێت".
لەلای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان محەمەد فەرەج لە پرسەنامەیەكدا دەڵێت "لە دەستدانی گەورە ئیماندار و بانگخواز و قیادیەكی كاری ئیسلامیی وەك جەنابی مامۆستا كە هەر لەسەرەتای گەنجیەوە بەردەوام و هەنگاو بەهەنگاوی كاروانەكەی بێ دابڕان و ئارام ئارام بڕیوە كارەساتێكی گەورەیە".