داعش بە سەرپەڕاندن و كوشتنی ئایین و مەزهەبە جیاوازەكان لەوان ناوەستن، بگرە خوێنی هاوبیرەكانیشیان لە وێنەی قاعیدە و بەرەی نوسرە حەڵالكردووە.
هەرگیز لە مێشك و شیكردنەوەی هیچ شرۆڤەكار و سەنتەرێكی توێژینەوەدا نەبوو داعش هێندە بەخێرایی رێكخراوە خوێنڕێژەكەی پێش خوی"قاعیدە" تێپەڕبكات و خۆری ئاوا بكات ئەگەرچی بۆخۆشی لەهەناویدا گەرای كردووە و بووەتە ئەو مۆتەكەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا بە ترسناكترین گرووپی جیهادی سەلەفی بناسرێت كە جگە لە پەیڕەوانی خۆی ئامادەی سەرپەڕاندنی هەمووانی ئەوانی دیكەیە، نەك بە تەنها لە هەڵگرانی بیروباوەڕ و نەتەوە و مەزهەب و ئایینی دیكە، بگرە لە هاوبیرەكانیشیان لە وێنەی حەڵاڵكردنی خوێنی ئەندامانی قاعیدە و بەرەی نوسرە كە دوێنێ هاوسەنگەریان بوون.
داعش، كە ئەمڕۆ پەیڕەوانی بە"دەوڵەتی ئیسلامی" دەناسێنن رێكخراوێكی چەكداریی توندڕەوە و پەیڕەوی بیری سەلەفییەتی جیهادی دەكات و بەپێی لایەنگران و سەركردەكانی هەوڵ بۆ گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی دەدەن، ئێستا ئەو رێكخراوە لە دەیان وڵات چەكدار و رێكخستنی هەیە و خاوەنی دەیان هەزار چەكدارە و بە قسەی خۆیان بێت 25 ویلایەتیان هەیە كە نۆیان لە عێراق و هەشتیان لە سووریان لەگەڵ دوو پایتەخت كە رەققە و مووسڵن، هەڵبەت دروستبوونی داعش بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە ئەوانیش لێرەدا بە كورتی باس دەكەین.
لە 9ی نیسانی 2003 ئەمریكا عێراقی داگیر كرد و رژێمەكەی سەدام حوسێنی رووخاند، هاتنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی و هاتنە سەر دەسەڵاتی شیعەكان پاش نزیكی هەشتا ساڵ لە چەوسانەوە، گرووپە سوننەكانی لە وڵاتانی عەرەبی و عێراقیش هاندا بۆ گرتنەبەری رێگەی چەكداری بۆ "داكۆكی كردن لە سوننەكان و دەركردنی داگیركەران".
لەساڵی 2003 ئەحمەد فازل نەزال ئەلخەلایلەی ناسراو بە"ئەبو موسعەب زەرقاوی" گرووپی" جماعەت ئەلتەوحید و ئەلجیهاد"ی دامەزراند و ئامانجی سەرەكیی وەكو دیاری كرد كردنە ئامانجی ئەمریكییەكان و هاوپەیمانی بوو بەدیاریكراوی شیعەكانی عێراق و ئەو سوننانەشی دەستیان لەگەڵ تێكەڵ دەكەن. لە 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004 زەرقاوی بەیعەتی بە ئەمیری رێكخراوی قاعیدە ئوسامە بن لادن دا و ناوی گرووپەكەش بۆ "قاعدە الجهاد فی بلاد الرافدین" گۆڕا، دواتر ژمارەیەك گرووپی دیكەش بەیعەتیان پێدان و ئیدی زەرقاوی بوو بە ئەمیری قاعیدە لە عێراق و كوشتارێكی زۆری نایەوە، لە حەوتی ئایاری 2006 سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق نوری مالیكی رایگەیاند ئەبو موسعەب زەرقاوی لە كردەیەكدا كوژرا و پاشان ئەبو حەمزەی موهاجیر كرا بە بەرپرسی قاعیدە لە عێراق.
لە 15ی كانوونی دووەمی 2006 لە شاری حەدیسەی سەربە پارێزگای ئەنبار ئەنجوومەنی شورای موجاهیدین لە عێراق بەسەرۆكایەتی ئەبو عومەری بەغدادی لە ئەنجامی یەكگرتنی كۆمەڵە گرووپێكی توندڕەوی چەكداریی سوننە مەزهەب راگەیەنرا، پاشان لە15ی تشرینی دووەمی 2006 دوای چەند رۆژێك لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی ئەلموتەیبین دروست بوو كە بە كڕۆكی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق دادەنرێت، دواتر راگەیاندنی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی لێ كەوتەوە كە ئەبو عومەری بەغدادیش كرا بە ئەمیری دەوڵەتەكە و پێكهاتەی حكوومەتەكەشی راگەیاند كە نۆ وەزارەتی لەخۆ دەگرت.
لە 19ی نیسانی ساڵی 2010 هێزەكانی ئەمریكا و عێراق لە بۆردومانێكدا ئەبو عومەری بەغدادی و ئەبو حەمزەی موهاجرییان كوشت، دوای ئەوە بە دە رۆژ ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت ئەبو بەكر بەغدادی وەكو خەلیفە دیاریكرد.
بەرپرسی سەنتەری هودا بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیجییەكان، دكتۆر محەمەد بازیانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی داعشەوە دەڵێت: "داعش دیاردەیە، دیاردەش دێت و دەڕوات، وەكو چۆن قاعیدە پێشتر دیاردە بوو هات و بۆ ماوەیەك جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد و ئینجا رۆیشت، داعشیش هەر وایە، داعش ئەو ستەم و زۆرەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە كە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە دەیكەن و بە ئاگر و ئاسن لەگەڵ میللەتی خۆیاندا رەفتار دەكەن و وەكو پێویست ئازادییان پێ نادەن دروستی كردووە، ئەوە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ دروستبوونی ئەو جۆرە رێكخراوە توندڕەوانە".
دەشڵێت: "لە عێراقدا شیعەكان دوای ئەوەی هاتنە سەر دەسەڵات ستەمێكی زۆریان دەست پێكرد كە تا ئێستاش درێژەی هەیە، وەك بڵێی دەیانەوێت تۆڵەی سەدان ساڵ پێش ئێستا بكەنەوە كە بەلای ئەوانەوە خەلافەت بۆ ئەوان بووە و بردراوە، ئیدی دەستیان داوەتە ستەمكردن لە سوننەكان و كوشتن و لێدان و تەنانەت ئەتكردنیشیان، ئەوەیش هەندێك لە سوننەكانی ناچار كرد بۆ كاردانەوە".
ئەو دەشڵێت: "هەر ئەو هۆكارە پاڵی بە بەشێك لە خەڵكی مووسڵەوە نا سەرەتا باوەش بۆ داعش بكەنەوە و بە فریادڕەسی بزانن، بەڵام دواتر دەركەوت داعش ئەوە نییە".
بەغدادی پاش ماوەیەك لە مت بوون لە دوای دیاریكردنی وەكو ئەمیری نوێی رێكخراوەكە، لە ساڵی 2011دا دەوڵەتی ئیسلامی ستراتیجێكی نوێی گرتەبەر ئەوەیش بە زیادكردنی تەقینەوەكان كە زۆر جار لەناو چەند پارێزگایەك روویان دەدا چەندین تەقینەوە و كاتەكانیشی نزیك لەیەكتر بوون، بە نموونە لە ئابی 2011 هەستا بە 22 تەقینەوە لە بەغدا و ناوچەكانی تر كە 10یان لە بەغدا بوون، ئەوەیش سوپای عێراق و دەزگا ئەمنییەكانی تووشی شۆك كرد، دواتر لە حوزەیرانی ساڵی 2012 هەڵمەتی "رووخاندنی شوراكان"ی دەست پێكرد و مەبەستی سەرەكیی ئازادكردنی ئەندامە دەستگیركراوەكانی بوون، ئەوە بوو هەشت هێرشی لەسەر گەورە زیندانەكانی عێراقی كرد لە ساڵی دواتر، بۆ نموونە لە تكریت لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ 47 گەورە سەركردەی دەوڵەتەكەی ئازاد كرد سەرباری هەزاران زیندانیكراو كە بەشی زۆریان ئیسلامی و بەعسییەكان بوون و دواتر پەیوەندییان بە رێكخراوەكەوە كرد.
لە نێوان حوزەیرانی 2013 بۆ حوزەیرانی ساڵی 2014 رێكخراوەكەی بەغدادی هەڵمەتێكی بەرفراوانی تیرۆركردنی بە دەمانچەی بێدەنگ بەتایبەت دەست پێكرد و كردەكانی بەڕێژەی 150 لەسەد زیاد كرد.
لە پاڵ ئەوانەشدا بەغدادی لە سووریا، ئەبو محەمەدی جۆلانی وەكو بەرپرسی لقی رێكخراوەكەی لەو وڵاتە دیاریكرد و گرووپێكیشی بەناوی "بەرەی نوسرە" دامەزراند.
لە نۆی نیسانی 2013، ئەبو بەكر بەغدادی لە بەیاننامەیەكی دەنگی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بەرەی نوسرەی راگەیاند و ئاشكرای كرد ناوی رێكخراوەكەی ئیدی دەبێتە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، بەڵام جۆلانی ئەوەی رەتكردەوە و نەچووە ژێر باری بەغدادی و شەڕ و تەكفیریكردن و كوشتنی ئەندامانی یەكتر ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەنێوان هەردوولا دەستی پێكرد.
لە لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2014 دەوڵەتی ئیسلامی فەللوجەی كۆنترۆڵ كرد و ژمارەیەك ناوچەی ئەنباریش لەژێر دەست بوو، لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش مووسڵی كۆنترۆڵ كرد و دواتر كشا بۆ شوێنەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا و پاشان پارێزگاكانی سەڵاحەددین، كەركووك، ئەنبار، دیالە، لە شەشی ئابی 2014 گوتەبێژ بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئەبو محەمەدی عەدنانی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند و ئاشكراشی كرد ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی محەمەد ئەلبەدری ئەلقوڕەیشی ئەلحوسێنی ناسراو بە"ئەبو بەكر بەغدادی" خەلیفەی مسوڵمانانە.
لە هێرشەكانییاندا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام جگە لە ملیارەها دۆلار لە بانكەكان و لە دەستبەسەرداگرتنی موڵكێكی زۆری دەوڵەت و ئەوانەیشی كە لەژێر قەڵمڕەوییەكەیان ئامادەی ژیان نەبوون دەستكەوت، لەتەك ئەوانەشدا جبەخانەیەكی تەواو تۆكمە و قایمی چەك و چۆڵی سوپای عێراقییان بۆ مایەوە كە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەكرا بۆ گەشەپێدانی خۆیان، هەزاران چەكداریش لە وڵاتانی جیهانەوە پەیوەندییان پێوەكردن.
ئێستا پاش دوو ساڵ لە كۆنترۆڵكردنی مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكە داعش نزیك بە نیوەی ئەو خاكەی لە حوزەیرانی 2014 دەستی بەسەرداگرت لەدەستدا لەئەنجامی پێشڕەوییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەزاران چەكداریشیان لێ كوژرا، سەدان چەكداریشیان لێ هەڵاتن و وازیان هێنا، ئێستا خەڵكانی ژێر دەسەڵاتی داعش تەواو لە فەرمانڕەوایی ئەوان نیگەرانن كە بەزەبری خوێن و سەرپەڕاندن و دەست پەڕاندن و ئاگر و ئاسن بەڕێوەدەچێت.
محەمەد بازیانی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "داعش جیاوازە لە رێكخراوە جیهادییەكانی دیكە بەوەی توندوتیژییەكانی لە ئاستێكی گەورەتردایە لە رێكخراوەكانی دیكە، هەروەها ناوچەیەكی فراوانی هەیە و بانگەشەی خەلیفەی مسوڵمانان بۆ سەركردەكەی دەكات، لەگەڵ ئەوەیشدا ئابووری و پارەیەكی باشی هەیە ئەوانەش لە رێكخراو و گرووپەكانی دیكەی جیا دەكاتەوە".
دەشڵێت: "هەروەها داعش پێی وایە ئەوەی پاڵپشتی لە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بكات مورتەدە، بەڵام قاعیدە ئاوا تێنەگەیشتبوو، داعش پۆلیس و دادگا و دامەزراوەی هەیە، گرووپەكانی تر نەیانبوو، داعش ستراتیجی هەیە دەست بەسەر سەرچاوە ئاوییەكان و بیرە نەوتییەكان دەگرێت ئەمە لە گرووپەكانی دیكە نەبوو، ئەوە سەرباری ئەوەی داعش سنووری دوو وڵاتی شكاند".
دەشڵێت چەكدارانی داعش بە پەنابردنە بەر شێوازی سەیر و جیاواز لە كوشتن و سزادانی نەیار و لادەران لە پەیڕەوەكانییان دەیەوێت جیاواز دەربكەوێت كە بە قسەی بازیانی دەیانەوێت ترس بخەنە ناو دڵی بەرامبەرەكانییانەوە، بەڵام پێغەمبەری ئیسلام گوتوویەیتی ئەوانەی توندوتیژن بە هیلاكەت دەچن و ئیسلام لەگەڵ ئەو جۆرە توندوتیژییانە نییە".
لەكۆتایی قسەكانیدا بەرپرسی سەنتەری هودا بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی دەڵێت: "حكوومەتەكانی رۆژئاواش هۆكارێكن بۆ دروستبوونی داعش و ئەوان دەیانەوێت كۆگاكانی چەكەكانییان بەتاڵ بكەنەوە لە رێگەی دروستكردنی شەڕ بەتایبەت لەنێوان سوننە و شیعەكاندا".
هەرچۆنێك بێت ئێستا دەوڵەتە ئیسلامییەكەی داعش و خەلافەتەكەی سنوور و ئاڵا و رەعییەتیشی لەژێر دەستە، دارایی و وەزارەت و ئیدارەشی هەیە، ئەوەشی بە داعش كرا بە گرووپە سەلەفییە جیهادییەكانی دیكە نەكرا، بەڵام داعش ماوەی ساڵێك دەبێت لە پاشەكشەی تەواودایە، ئێستا سەرباری لەدەستدانی رووبەرێكی زۆری خاكەكەی ژێر دەستی، رەعییەتەكەش لە ژێر دەستی هەڵدێن، هەروەها چەكدارەكانیشی.
news_share_descriptionsubscription_contact

