سياسەت, شیکردنەوە, عێراق

خۆپیشاندانەکانی سلێمانی لە میانی چەند رۆژی رابردوودا

- لە میانی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری سلێمانی، هەشت کەس کوژران و نزیکەی ٧٠ی دیکەیش برینداربوون، هەروەها ١٤٥ بارەگای حزبی و فەرمانگەی حکوومی سووتينران.

Heman Hussein Yaseen  | 13.12.2020 - نوێکردنەوە : 13.12.2020
خۆپیشاندانەکانی سلێمانی لە میانی چەند رۆژی رابردوودا

Arbil

هەولێر - AA

رۆژی دووی کانوونی یەکەم لە بەردەرکی سەرا لە شاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەک مامۆستا، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ئەنجامدرا و لە میانیدا، چەندین دروشمی جیاجیا دژبە حکوومەتی ھەرێم گووترایەوە، لەپای دابەشنەکردنی مووچەکانیان، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە رۆژی پێنجشەممە، ٢٠٢٠/١٢/٣ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەکرێت.

رۆژی دواتر سێی کانوونی یەکەم، جارێکی دیکە خۆپیشاندەران کە پێکھاتبوون لە مووچەخۆران و مامۆستایان رژانەوە سەر شەقامەکان و بەرەو بەردەرکی سەرا بەڕێکەوتن و بەگوتنەوەی دروشم دژبە حکوومەت بەرەو مەیدانەکە رۆیشتن، بەڵام رووبەڕووی ھێزێکی زۆری چالاکی مەدەنی و ئاسایش بوونەوە و بەمەبەستی رێگریکردن لە خۆپیشاندەران ژمارەیەکی زۆر ھێزی چالاکی مەدەنی، ئاسایش، پۆلیسی فریاکەوتن و ئامبوڵانس لە مەیدانەکە جێگیرکرابوون و لەگەڵ گەیشتنی ئاپۆڕای خۆپیشاندەران بە نزیک سەرا، ھێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان دانەوە و ھەوڵیاندا بڵاوەیان پێ بکەن، ھاوکات ئەوەی بەدی کرا خۆپیشاندەران پێکھاتبوون لە چەند گەنجێک، ھاوکات چینی مامۆستایان، ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ لە ریزی خۆپیشاندەران بوون ناوبەناو ئەو کەسانەیان دەگواستەوە کە بەھۆی گازی فرمێسکڕێژەوە تەندروستییان تێکچووبوو.

دوای ئەوەش لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ھەر کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک بەبێ رەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامی، رێگەپێدراو نییە و شێواندنی ئارامی شار و راگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابوورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەکانی کۆمەڵگادا نییە.

ھەر ھەمان رۆژ بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکانی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئابووری ھەرێم و چەند پرسێکی ناوخۆیی یەکێتی کۆبووەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو کە دەبێت ھەرچی زووترە حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی بەپەلە و جددی بنێت لە رووی ئابوورییەوە و تیایدا ھاتبوو کە "ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ئابووری و سیاسیی دژواردا تێدەپەڕێت، دابیننەکردنی بژێوی زۆرینە بەتەواوەتی تەنگی بە مووچەخۆرانی کوردستان ھەڵچنیووە. شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنە و ئاراستەی جیاواز ھاتوونەتە خرۆش. بۆیە ئەنجوومەنی باڵا لەھەر ھەلومەرجێکی رابردوو جیاوازتر، داوا دەکات خێرا، حکوومەتی کوردستان، سیاسەتی ئابووری و دارایی خۆی، چ بەدانوستان لەگەڵ بەغدا و چ بە داھاتی کوردستان، بەپێی خواستی خەڵک، بەشێوەیەک ساغ بکاتەوە کە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات".

ئێوارەی ھەمان رۆژ، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی لەبارەی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی رایگەیاندبوو "دەمەوێت دڵنیابن کە من لەگەڵ داوا حەق و رەواکانی ئێوەم و پشتیوانیتان لێ دەکەم. وەکو سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەوە بەئاگاین کە چیتر قبوڵ ناکرێت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، بکرێن بە قوربانی گەندەڵی و ناڕۆشنی و ململانێ سیاسییەکان".

لاھور شێخ جەنگی ئەوەشی خستبووەتەڕوو کە رووبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران بڕیار و سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە و ناشبێت.

رۆژی شەشی کانوونی یەکەم بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژبە وەرنەگرتنی مووچەکانیان، ھاووڵاتییانی شارۆچکەی پیرەمەگروون رژانە سەر شەقامەکان و لەبەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر پۆلیسی چالاکی مەدەنی، ھێزی ئاسایش و پۆلیس بڵاوەیان پێکرابوو، دواتر خۆپیشاندەران ھێرشیان کردە سەر بارەگاکانی یەکێتی و پارتی لە شارۆچکەکە و سەرەتا بارەگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دواتر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانییان سووتاند و رایانگەیاند کە هۆکاری خۆپیشاندانەکە نەبوونی مووچە و دەرفەتی کار و خراپی دۆخی هاووڵاتییانە.

ھەمان رۆژ ژمارەیەکی دیکەی خۆپیشاندەر لە شار و شارۆچکەکان دەستان بە خۆپیشاندان کرد و لە دەڤەرین راپەڕین چەند خۆپیشاندەرێک تەقەیان بەسەر لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کرد، ھاوکات بەشێک لە خۆپێشاندەران رێگەی کەرکووک-سلێمانی-یان لە شارۆچکەی بازیان داخست و خۆپێشاندەرانی بازیان گەنجەکانی شارۆچکەکە بوون کە بەهۆی بێکاریی، داوای دامەزراندنیان لە کارگەکانی ناوچەکەی خۆیان دەکرد.

رۆژی حەفتی کانوونی یەکەم، خۆپێشاندەرانی شارۆچکەی سەیدسادق، ھەریەکە لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قایقامییەتی قەزاکە و مەکۆی گۆڕان، مەڵبەندی یەکگرتوو، بارەگای کۆمەڵی ئیسلامیی، بنکەی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی باج، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە، بنکەی ئاگرکوژێنەوە و کارەبا و ماڵی قایمقامیی قەزاکە (دیاری رەفیق)یان سووتاند و بەگوتەی قایمقامی قەزاکە لە میانی خۆپیشاندانەکەشدا خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداوە و دوو خۆپیشاندەری دیکەیش بریندار بوون، ھاوکات دوو کادری پارتی دیموکراتی کوردستان و ٥٤ پۆلیسی قەزاکەش بریندار بوون. دیاری رەفیق راشیگەیاندبوو کە خۆپیشاندەران چوونەتە سەر ماڵەکەی و زێڕ و پارەیان لە ماڵەکەی بردووە و دواتر ئاگریان لە ماڵەکەی بەرداوە.

ئێوارەی ھەمان رۆژ لە قەزای چەمچەماڵ خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی ١٩ی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەھۆی گرژییەکانی نێو خۆپێشاندەران، ھاووڵاتییەک بەناوی ئەدھەم یەحیا تەمەن ٢٦ ساڵ دوای برینداربوونی، گیانی لەدەستدا و ھاووڵاتییەکی دیکەیش بەناوی سەعید کاکی تەمەن ٢٣ ساڵ بریندار بوو، هاوکات لە شاری کفری-یش خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و لە میانیدا، تەقە کرا و دوو خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا.

رۆژی ھەشتی مانگ خۆپیشاندان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکرد و بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆیان لە شارەزوور سووتاند، ھاوکات لە شارەدێی تەکیەیش خۆپیشاندان دەستی پێکرد و ھەردوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنران و خۆپیشاندەرێکیش گیانی لەدەستدا.

هەمان رۆژ لە شارەدێی خورماڵ خۆپیشاندەران بارەگاکانی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بارەگای ئەنجوومەنی ھەوارامانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی خورماڵ و فەوجی دووی پاسەوانی سنووری ھەڵەبجەیان سووتاند و لە قەزای دەربەندیخان-یش بەهۆی گرژییەکانەوە خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستدا.

ھاوکات کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ھەمان رۆژ خۆپیشاندەران ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان-یان لە پێنجوێن گەمارۆدا، سەرەتا بەھۆی بەردەوە کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بریندار بوو، بەپێی لێدوانێکی بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسام عەلی بۆ میدیا خۆجێیەکان رایگەیاندبوو کە پێشمەرگەیەکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی ئاوات تاڵیب مەجید لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کوژراوە.

بەھۆی تەشەنەکردنی خۆپیشاندان لە شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ھەشتی مانگ لیژنەی باڵای ئارامی لە ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ھاتوچۆی نێوان شارەکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر قەدەغە بکرێت.

شەوی ھەشتی کانوونی یەکەم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەتا سەراوی ئاشکرایکرد کە بەشێک لە خۆپیشاندەران ئیتڵاعاتی ئێران-ن و بەشێکیشیان سەربە پەکەکەن کە پەلاماری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن.

عەتا سەراوی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی ھەر دوو پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی ئاشکرایکرد کە پەکەکە لە پشت ھێرشەکان بووە بۆسەر بنکە و بارەگا حکوومی و حزبییەکان و بەگوتەی عەتا سەراوی، ھیچ کام لەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکان بەشدارن مووچەخۆر نین و بگرە تەمەنی دامەزراندنیشیان نەبووە و رایگەیاند کە ئەوانە دز و تاڵانچین.

بەرەبەیانی نۆی کانوونی یەکەم، خۆپیشاندەران لە پێنجوێن شەش بارەگای حزبییان سووتاند کە بریتیی بوون لە ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان، ناوچەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ناوچەی کۆمەڵی ئیسلامی و لقی یەکگرتووی ئیسلامی، ھاوکات بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێنجوێن، بەکر عەبدوڵڵا بە میدیا خۆجێیەکانی راگەیاندبوو کە خۆپیشاندەران لە دوای نیوەڕۆ ھەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ناوچەی پارتی و بە ھەموو جۆرە چەکێک ھێرشیان کردووتە سەریان و ئەوەیشی خستبووەڕوو کە کوڕێکی خۆی لەکاتی ھێرشکردنە سەر ناوچە بریندار بووە و راشیگەیاندبوو "ئەجێندایەکی ئاراستەکراوی ھەم پەکەکەیە و ھەم وڵاتانی ھاوسنوورە. یەکێتی-یش کەمتەرخەم بوو لە پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەکە، لەناو خۆپیشاندەران چەکی بی کەی سی، نیشانشکێن و ئەلیکترۆنی بەکارھێندراوە".

هاوکات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە نۆی کانوونی یەکەم لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاران باسی بارودۆخی سیاسیی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و دۆخی خۆپیشاندانی لە ھەرێمی کوردستان و کرد و رایگەیاند کە ھەندێک کەس ئیستغلالی خۆپیشاندانیان کرد و ھاتنە ناو خۆپیشاندەران و لەبری ئەوەی بە ھێمنانە خۆپیشاندان بکرێت، کردیان بە بابەتی گێرەشێوێنی، تێکدان، توندوتیژی، فەرھوود و کوشتن و لەناو خۆپیشاندەران، خەڵکی سووریا و دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی تێدا بووە و پێشمەرگەش بە قەنناس شەھیدکراوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە بینیمان لەو دیمەنانەی لەم چەند رۆژە لە تەلەڤیزیۆنەکان و سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، پەلاماردانی برای شەھید و لێدانی، مووچە دەستەبەر ناکات و بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەھیدان و سووتاندن و تێکدانی قوتابخانە، مافی رەوای خەڵک و خۆپیشاندەران نییە و ئەمە کەسانێکن دەیانەوێت ئەم خۆپیشاندانانە بەلاڕێدا بەرن. پەلاماردانی وێستگەی کارەبا کە بۆ خزمەتی خەڵکە، بە ھیچ شێوەیەک لە خزمەتی ھاووڵاتییاندا نییە، پەلاماردانی بنکەی ھاتوچۆ و دامەزراوەکانی حکوومەت لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە. کێ ئەو کردەوانە دەکات؟ بینیمان ئەوانەی توندوتیژی دەکەن، خەڵکانێکن تەنانەت لە دەرەوەی ھەرێم دەستیان ھەبووە و ھاتوون، پێشمەرگە بە قەنناس شەھید کراوە و بارەگا بە ئاڕ بی جی و نارنجۆک پەلامار دراوە، خۆپیشاندەران بە ئاڕ بی جی و چەک داوای مافی خۆی ناکات، ھیوادارم ئەو راستییە روون بێتەوە کە ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، خۆپیشاندەر نییە، ئەوانە دەیانەوێت پەلاماری دەستکەوتەکانی خەڵک بدەن. ئەرکی ھەموومانە رووبەڕووی ئەو جۆرە کردەوانە ببینەوە".

ئێوارەی ھەمان رۆژ، ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەنزیک گوندی قەمچووغە، رێگای سەرەکیی دوکان-سلێمانی-یان داخست، بەڵام دوای ماوەیەک ھێزێکی ئەمنی چووە شوێنەکە بۆ کردنەوەی رێگەکە و بەشێک لە خۆپێشاندەران رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بوونەوە و لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەشدا فەرماندەیەکی پێشمەرگە کە پلەی عەقید بوو بەناوی ھەمزە محەمەد ئەمین تووشی نەخۆشییەکی کتوپڕ بووە و بەھۆیەوە گیانی لەدەستدا.

ھاوکات لە شارۆچکەی عەربەت سنووری پارێزگای سلێمانی، بەھۆی گرژییەکان منداڵیکی تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی دابان محەمەد بریندار بوو، بەھۆی سەختی برینەکەیشیییەوە رەوانەی سلێمانی کرا و دواتر لە رێگای نەشتەرگەرییەوە توانرا فیشەکێک لە قوڕگی بھێندرێتە دەرەوە و لە ئێستاشدا تەندروستی جێگیرە.

رۆژی ١٠ی مانگ کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکانی پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، وێڕای دەربڕی داخباری خۆی لەبارەی رووداوەکانی پارێزگای سلێمانی کە بەھۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دروستبووە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی شەڕوپێکدادانەوە، گازی فرمێسکرێژ، گوللـەی پلاستیکی و گوللـەی زیندوو لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەکارھێنراوە و بەھۆیەوە لە رۆژانی سێ تاوەکو نۆی کانوومنی دووەم، ھەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٤ی دیکەش برینداربوون.

ھاوکات سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، شاخەوان رەئووف رایگەیاندبوو کە تا رۆژی ١٠ی مانگ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٠ کەس کە لە شوێنە جیاوازەکانی وەک چەمچەماڵ، تەکیە، دووکان، کفری، سەیدسادق و پێنجوێن بوون و لەگەڵ ئەوەشدا لە میانی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان و دروستبوونی گرژییەکاندا، نزیکەی ٦٠ کەسیش برینداربوون، ئەوەش بەھۆکاری جیاوازی وەک فیشەک، بەرد و کەرەستەی دیکە.

بەھۆی زیاتر تەشەنەکردنی خۆپشاندانەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە بۆ جاری دووەم قەدەغەی ھاتوچۆی لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگاکان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر درێژکردەوە.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەر یەکە لە زانکۆکانی ھەڵەبجە، گەرمیان و کۆیە رایانگەیاند کە دەوامی خوێندنی زانکۆکەکایان رادەگرن و تا ئێستاش دەستپێکردنەوەی دەوام رانەگەیەندراوە و تا ئێستاش بەپێی ئامارە بەراییەکان نزیکەی ١٤٥ بارەگای حزبی و فەرمانگە حکوومی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنراون.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın