Zana Natık Kerem
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و لە هەمان كاتدا ئاشكرای كرد كە كۆتایی ئەم مانگە سەردانی واشنتۆن دەكات و لەوێ چاوی بەسەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ دەكەوێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی كە ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی كرد، حەیدەر عەبادی گوتی: "هێزەكانی ئەمنی عێراق لە شەڕەكانی ئێستای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ و شەڕەكانی پێشوو كە لە پارێزگاكانی دیالە، ئەنبار و سەڵاحەددین روویاندا، وانەیەكیان داوەتە داعش كە هەرگیز لە بیری ناچێتەوە".
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و لە ئێستادا هەوڵەكانمان بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە چڕكردووەتەوە كە لەژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستان دەرهێنراون و كۆنتڕۆڵكراونەتەوە".
حەیدەر عەبادی هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە دوای كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوە، حكوومەتی عێراق هەوڵەكانی زیاتر بۆ لەناوبردنی گەندەڵی دەخاتە گەڕ.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆتایی ئەم مانگە سەردانی واشنتۆن دەكات لەوێ بوارەكانی ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزاری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا تاوتوێ دەكات و هەروەها ستایشی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپی كرد كە ناوی هاووڵاتییانی عێراقی لە لیستی قەدەغەكردنی گەشت بەرەو ئەمریكا دەركرد.
لە وەڵامی پرسیاری سەبارەت بەسەردانەكەی ئەم دواییانەی شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ریاز، حەیدەر عەبادی گوتی: "سعوودیە پێشنیازی كردووە دەرگای پەیوەندییەكانی بەتەواوی لەگەڵ عێراقدا بكاتەوە و شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی ریازیان كرد تا داوا لە سعوودیە بكەن لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی عێراق هاوكار بێت و ئەو داوایە ئاراستەی سەرجەم وڵاتانی كەنداویش كراوە".
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەسەرۆكایەتی بریكاری وەزارتەكە، نزال خەیروڵڵا سەردانی ریازیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ژمارەیەك دۆسیەی گرنگیان تاوتوێ كرد كە جێی بایەخی هاوبەشی هەر دووڵات بوو لەوانەش پەیوەندییەكانی دوو قۆڵی و دەروازە سنوورییەكان و هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی.