Hemn Baban
27 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2016
"حەمەڕەش" نازناوی ئەو گەنجەیە كە بەیەك قاچ و دوو دارشەقەوە دۆشكەیەكی بەدەستەوەیە و لەسەر هەمەڕەكانەوە خۆبەخشانە لەدژی داعش شەڕدەكات، ئەو لە پێنجوێن لە سنوورەكانی ئێران و عێراقەوە 350 كیلۆمەتر دەبڕێت تا دەگاتەوە بەرەكانی شەڕ لە سنووری میحوەری مەخموور-گوێڕ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەیگوت زۆر كەس پێیدەڵێن نەچێت بۆ شەڕ، بەڵام ئەو ویژدانی قبوڵ ناكات و بەرگریی لە خاكەكەی دەكات.
كاكە حەمە دەڵێت بەشداریی دەیان شەڕی لەدژی داعشدا كردووە و لەسەر گیرفانی خۆی خەرجی دەكات تا لەدژی داعش بجەنگێت.
حەمە رەش بەیەك قاچ و دوو دارشەقەوە بەدەم دووكەڵی جگەرەكانییەوە زۆرترین كاتی لەگەڵ دۆشكەكەی هامەرەكەی"هەڵۆكانی كوردستان"گیرساوەتەوە و لە دەشتاییەكانی تەلەڕیم تیلەی چاوەكانی بڕیوەتە سەنگەرەكانی داعش لە گوندی نەسر لە سنووری رۆژئاوای مەخموور كە دووریی نێوان پێشمەرگە و داعش دوو كیلۆمەتر تێپەڕ ناكات، ئەو وەكو خۆبەخشێك لە دژی داعش شەڕ دەكات زوو زوو دەیگوت "پێم ناخۆشە ببینم پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریی لە شەرەف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بن و منیش لە ماڵەوە".
محەمەد سلێمان گەنجێكی پێنجوێنی لەدایكبووی 1975ە، ئەو هەرچەندە سوور و سپییە، بەڵام لەنێو هەڤاڵ و پێشمەرگەكانی هاوڕێی بە"حەمەڕەش" دەناسرێتەوە وەكو خۆی دەیگوت ئەو ناوەی لە مناڵییەوە بۆ ماوەتەوە، لە یەكێك لە رووداوە ناخۆشەكاندا لەساڵانی نەوەدەكاندا قاچێكی لەدەست داوە و كەم ئەندامی سەنگەرە، بەڵام لە سەرەتاكانی شەڕی داعشەوە وەكو خۆ بەخشێك لە ریزەكانی پێشمەرگە دەجەنگێت، ئەو دەیگوت بەشداریی دەیانی شەڕی كردووە بەتایبەت لە میحوەری مەخموور-گوێڕ لە نزیك هەولێر.
حەمەڕەش جیاواز لە پێشمەرگەكانی دیكە دارشەقەكانی لێ نابێتەوە و بەردەوام دەستی لەسەر ئەو دۆشكەوەیە كە چەندین جار رۆڵی لە تێكشان و رێگریكردن لە پێشڕەوییەكانی داعش هەبووە، هەندێك جاریش هەردوو دارشەقەكەی دەردەهێنێت و لەسەر هەمەڕەكە وەكو هەڵۆیەك قیت راوەدەستێت و بەردەوام چاوی لەو دیوی سەنگەرەكانی پێشمەرگەوەیە، ئەو كە جامانەیەكی سووری لە ملی ئاڵاندووە، گەنجێكی تەواو قسە خۆش و خۆشەویستە لەنێو هاوڕێكانی، بزەی لێ نابڕێت و پێدەچوو ئارەزووی نوكتە و قسەی خۆشیش بكات.
حەمەڕەش لەبارەی خۆیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "من پەككەوتەی سەنگەرم، لە زۆرێك لە شەڕەكانی میحوەری مەخموور-گوێڕ بەشدارییم كردووە و لەسەر دۆشكەوەم، من پێشتر لە شەڕی جەلەولاش بەشدار بووم، بەڵام ئازایەتی و سەرسامیم كە بەڕێز كاك نەجات عەلی وای لێكردم بێمە ئەم میحوەرە و ئەویش پاڵپشتیی كردووم و ئێستا وەكو خۆبەخش لێرەم، هەفتەیەك لە ماڵەوە دەبم و هەفتەیەك لە بەرەكانی جەنگم".
رەنگە زۆر بن ئەوانەی بۆ دوورخستنەوەی شەڕ و دەنگی تەقە و تۆپەكان لەخۆیان ئامادەبن پارەیەكی زۆر ببەخشن، بەڵام چیرۆكی ئەو كەم ئەندامەی وەكو هەڵۆیەكە زۆر پێچەوانەترە، ئەو پارەش دەدات تا بەشداریی لە شەڕی دژ بە دوژمنانی بكات، ئەمە سەیر نییە لە چیرۆكەكە، ئەوە نیشتمان و خۆشەویستییەكەیەتی، ئەوە غیرەتی كوردەواریی و شەهامەتی گەنجانییەتی، كاكە حەمە لەبارەی بڕینی ئەو رێگە دوورە لە قەزای پێنجوێنەوە كە لە سنوورەكانی ئێران و عێراقەوەیەوە بۆ بەرەكانی جەنگ لەگەڵ داعش كە نزیكەی 350 كیلۆمەتر دەبێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "من شەرەفمەندم و بە سەربەرزییەوە دێم بۆ شەڕ، چونكە پێم گوناحە پێشمەرگە لەم بەرانەوە دژی داعش شەڕ بكەن و منیش لە ماڵەوە بم".
گوتیشی "زۆر كەس لە دۆست و كەسە نزیكەكانیشم پێمدەڵێن بۆچی ئەچی بۆ شەڕ تۆ كەم ئەندامی و دەبێت لە ماڵەوە بیت، بەڵام ویژدانم قبوڵ ناكات، من كەس پێم ناڵێت دەبێت بۆ شەڕ بچیت، دەبێت بەرامبەر بەو دوژمنانە راوەستم كە دەیانەوێت خاكەكەم كوردستان داگیر بكەن، من رێگە نادەم ئەو دڕندانە شەرەف و كەرامەتی رۆڵەی گەلەكەم پیس بكەن و بشێوێنن، دەبێت بەرامبەریان راوەستین و رێگرییان لێ بكەین".
محەمەد سلێمان لە درێژەی قسەكانیدا دەیگوت زۆر جار بۆ بەشدارییكردن لە شەڕ لە دژی داعش لە گیرفانی خۆی پارەی خەرجییەكانی دابین دەكات، بە شانازییشەوە باسی گەیشتن بە پلەی شەهادەتی دەكرد و دەیگوت" شەهید بوون لە پێناو كوردستان سەربەرزییە".
زۆرن ئەو پێشمەرگانەی چەكدارانی داعش لەبەردەم لوولەی تفەنگەكانییان سەرسمم ئەدەن و جیاواز لە هێزەكانی دیكە لە عێراق حسابێكی گەورە بۆ پێشمەرگە دەكەن، بەڵام لەنێو پێشمەرگەكانیشدا حەمەڕەش جیاوازیی ئەوەی هەیە بەیەك قاچەوە و بە خۆبەخشی و بە پارەی گیرفانی خۆی بێ هیچ زۆرییەك شەڕ لەگەڵ داعش دەکات.