Zana Natık Kerem
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، حوسێن هینداوی هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە نەتوانن تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، هەورەها هێزە سیاسییەكان بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەوڵدەدەن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراودا پەكبخەن.
حوسێن هینداوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا وەك ئاماژەیەك بۆ پەسەندنەكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان گوتی: "ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین".
ئاماژەی بەوەیشدا كە هەندێك لایەنی سیاسیی هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەكبخەن و لەئێستادا، ناكۆكیی و ململانێ لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەیە.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.