Zana Natık Kerem
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
بەغدا ــ AA
بۆ كۆچی دوایی سەركۆماری پێشوو، جەلال تاڵەبانی حكوومەتی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند.
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی بۆ كۆچی دوایی سەركۆماری پێشوو، جەلال تاڵەبانی سەرەخۆشی لە گەلی عێراق دەكات، هەروەها هەر بۆ كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سێ رۆژ ماتەمەینی لەمڕۆ چوارشەممە بەرواری ٢٠١٧/١٠/٤، راگەیاند.
بە پێی بەیاننامەیەكە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی فڕۆكەیەكی تایبەت رەوانەی ئەڵمانیا كرا بۆ ئەوەی تەرمی خوالێخۆشبێت، جەلال تاڵەبانی بهێنێتەوە عێراق.
لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق ستایشی ئەو رۆڵە گەورەیەی جەلال تاڵەبانی كردووە لە بنیادنانەوەی عێراقی نوێ و پاراستنی یەكێتی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق.
شەوی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بۆ كۆچی دوایی سەركۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەلال تاڵەبانی پەیامێكی هاوخەمی راگەیاندبوو.
دوێنێ سێشەممە سەركۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.