Hemin Hüseyin
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
پرسەی نافەرمیی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی لە هەولێر بەڕێوەدەچیت و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵک بۆ دەربڕینی هاخەمی، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر دەکەن و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە پێشوازی لە میوانان دەکەن.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەرسەلان بایز لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناخۆشترین شت لە ژیانم ئەو چرکەساتەبوو کە هەواڵی مەرگی جەنابی مام جەلال-م پێگەیشت، مەرگی مام جەلال کۆستێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ئەو کۆستەش کەلێنێکی گەورە دروست دەکات لە یەکڕیزی حزبە کوردستانییەکان و عێراق، چونکە عێراقییەکانیش بە گەورەی خۆیان دەیازانی و دەیتوانی بە قاوەخواردنەوەیەک کێشەکان چارەسەر بکات بەڵام ئەمە قەدەری هەموو کەسێکە".
لەبارەی بەڕێوەچوونی رێورەسمی پرسەکەش، ئەرسەلان بایز گوتی: "بەیانی تەرمی جەنابی مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و لەوێ بە رێورەسمێکی گەورە وەکو سەرکۆمار بەڕێیدەکەن و یەکەم رۆژی پرسەکەی لە سلێمانی دەبێت، رۆژی دواتر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان پرسەکە بەڕێوەدەچێت".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاکەمین نەجار لە میانی بەشداریکردنی لە پرسەی نافەرمیی جەلال تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "مەرگی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆستێکی گەورەیە بۆ ئێمە چونکە ئەو کاتێک لە بەغدا سەرکۆمار بوو جگە لە کورد، عەرەب و نەتەوەکانی دیکەش گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکانی مام جەلال بوون، بۆیە تەنها بە یەکڕیزی و تەبایی دەتوانین جێگای مام جەلال پڕ بکەینەوە و ئەمەش وەفایەکە بۆ گیانی مام جەلال".
دوێنێ سێشەممە، سێی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە وڵاتانی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.