Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە یاوەری ئەندامانی دەستەی كارگێری و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەی سەردانی گردی دەباشانی كرد لە شاری سلێمانی و تاجە گوڵینەی لەسەر گڵكۆی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، جەلال تاڵەبانی دانا.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی دواتر لە گوتەیەكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، ئاماژەی بە كەسایەتی و رۆڵی جەلال تاڵەبانی و گوتی: "سەرۆك مام جەلال كەسایەتێكی سیاسەتمەتدار و پێشمەرگە و دیپلۆماتكار و رۆژنامەنووس بوو".
ئەو گوتی: "ئەمڕۆ وەك سەركردایەتی یەكێتی هاتووین دووپاتی بكەینەوە كە ئێمە رێبازی مام جەلال بەرنادەین كە رابەرێكی گەورەی میلـلەتی كورد بوو، مام جەلال پیاوێكی وەها بوو كە چەند شەحسیەتێك لە شەخسیەتی ئەودا كۆبووبویەوە، ئەو نووسەر بوو ، پێشمەرگە بوو، دیپلۆماسی و سیاسەتمەدار بوو، هاتووین تا مام جەلال دڵنیا بكەین كە چەپكە گوڵەكەی جێبەجێ دەكەین كە پێی وابوو هەموو لایەنە سیاسییەكان پێویستن بۆ كوردستان و بیروبۆچونەكانیش جیاوازیش بن پێكەوە ئیش بكەن".
كۆسرەت رەسول ئەوەشی گوت "لەم رۆژانەدا ئەوە دووپات بوو كە یەكێتی هێزێكە قەت لە بن نایەت، هاتووین لێرەدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەینەوە كە ئەو پەیامەی مام جەلال هەیبوو بە شێوەیەكی باش بە ئەنجامی بگەیەنین، هەروەها تەداولی ئیشكردنی سیاسیش لەناو یەكێتی بكەینە نەریتێك كە هەموو كەسێك بەشدار بێت لە بڕیاری سیاسی و بەرپرسیارێتی لەناو یەكێتیدا".
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوپاسی هەموو بەرپرسان و حزب و لایەن و كەسایەتی و خەڵكی كوردستانی كرد كە بەشدارییان لە پرسەی جەلال تاڵەبانی كرد لە رۆژانی رابردوودا.
جەلال تاڵەبانی لە رۆژی سێشەممە سێی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
رۆژی هەینی رابردوو لە رێوڕەسمێكی گەورەدا لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا و رۆژانی دواتریش پرسەكەی لە شاری سلێمانی و هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.