Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گڵكۆی جەلال تاڵەبانی لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان، كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی بە خەمێكی گران و زیانێكی گەورە ناوبرد.
بارزانی گوتی:" لەدەستدانی سەرۆک مام جەلال خەمێکی گرانە و زیانێکی گەورەیە، بەڵام ئەمە سوننەتی ژیانە، ئەوەی ئێستا لەسەر هەموومان پێویستە برایەتی و تەبایەتیمان قوڵتر و فراوانتر بكەین و یەكڕیزی خۆمان بپارێزین، بەمە گیانی برای بەڕێزم مام جەلال و هەموو شەهیدانی كوردستان شاد دەكەین".
لە بارەی رۆڵیان لە یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان، مەسعود بارزانی گوتی: "ئەوەی پێمان بكرێت بۆ یەكڕیزی هەموولایەنەكان دەیكەین و ئەوەش خواستی مام جەلال بووە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش گوتی "هەمیشە خوازیاری ئەوەین كێشە و گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا بە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆك چارەسەر بكەین، هیوادارین ئەمە دەرفەتێكی باش بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بەخۆیاندا بچنەوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی گوتیشی: "کەس بە قەد من هەست بەو بۆشاییە ناکات کە جەنابی مام جەلال بەجێیهێشت، چونکە زۆرجار هەبوو گرفتی زۆر گەورە دەهاتە پێش بە یەک تەلەفۆن کێشەکانی چارەسەر دەکرد، ئومێدەوارین هەموو لایەنەكان دەرس وەربگرین لە رابردوو، هەموو دەست لەناو دەست هەوڵ بدەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزییەكانمان".
سەركۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، جەلال تاڵەبانی رۆژی سێشەممە ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
دوێنێ هەینی، لە رێوڕەسمێكی گەورەدا ، لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.