ئه‌نقه‌ره
سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئیبراهیم جه‌عفه‌ری ئاشكرایكرد كه تیرۆریستان له سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه دێن و ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراق ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه، هاوكات داعش هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر به‌های هه‌موو مرۆڤایه‌تی.
جه‌عفه‌ری له زانكۆی TOBB-ETÜ ی توركیا گوتارێكی پیشكه‌ش به دیبلۆماتكاران و كه‌سانی ئه‌كادیمی و بازرگانانی توركیا كرد و گوتی: "ساڵی 2001 له نیویۆرك، ئه‌مریكا بووه قوربانی تیرۆریزم، پاشان تیرۆر ڕووی كرده ئه‌وروپا و له‌وێشه‌وه هاتۆته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست."
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئه‌مڕۆ عێراق یه‌كێكه له قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر و گوتی: "ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ژنان، منداڵان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌نی بێ دیفاعیان كردۆته ئامانج، داعش كه هێرشی كردۆته سه‌ر عێراق و شاری موسڵی داگیركردووه، خه‌لافه‌تی ڕاگه‌یاندووه و هه‌وڵیداوه جیهان فریوبدات. تیرۆریزم له‌گه‌ڵ ئیسلامدا ناگونجێت و داعش‌یش ناتوانێت كرده‌وه‌كانی بكاته ماڵ به‌سه‌ر ئیسلامه‌وه. تیرۆریستان له سه‌رانسه‌ری دونیاوه ڕوویان كردۆته عێراق و ئاسایشی هاوڵاتیانیان خستۆته مه‌ترسیه‌وه، داعش هه‌ڕه‌شه له به‌هاكانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌كات. عێراق پێویستی به سه‌ربازی بیانی نییه و خۆی خاوه‌نی شاره‌زایی و ئه‌زموونه بۆ به‌رگریكردن."
جه‌عفه‌ری ئه‌وه‌ی وهبیرهینایهوه كه له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا ملیۆنان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه گوتی: "وه‌ك چۆن ولاتانی ئه‌وروپا یه‌كیان گرت و پێكه‌وه له‌ژیر سایه‌ی به‌ها هاوبه‌شه‌كان ده‌ژین، ئێمه‌ش پێویسته شتیك له‌وه‌وه فێرببین."
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه وڵاته‌كه‌ی ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه گیرۆده‌ی ده‌ستی تیرۆره، به‌ڵام له ڕووی جۆره‌كانی ئایین و نه‌ژاد خاوه‌نی میژوویه‌كی شه‌ش هه‌زار ساڵی مێزۆپۆتامیایه كه ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ی جیهانه.
جه‌عفه‌ری سوپاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی كرد، كه بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی داعش هاوكاری عێراقیان كردووه و ئاماژه‌ی به قۆناغێكی نوێ كرد له په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان عێراق و توركیا و گوتی: "له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانرێت قه‌باره‌ی بازرگانی نێوانمان به‌رز بكه‌ینه‌وه."
سه‌باره‌ت به وه‌به‌رهینانی وڵاتانی بیانی له عیراقدا، جه‌عفه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ڕێكخستنی پێویستیان كردووه له‌باره‌ی سیاسه‌تی ئاسایشه‌وه و گوتی: "ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ته‌واوی ولاتاندا په‌یوه‌ندیه‌كانمان ڕێكبخه‌ینه‌وه و بهرهوپیشیان ببه‌ین. چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین بۆ ساڵی 2015 قه‌باره‌ی بازرگانی له‌نێوانماندا به‌رز ببێته‌وه."