ئەنقەرە
وەزیری دادی توركیا بەكر بۆزداغ سەبارەت بە داواكاری پارتی ھەدەپە بۆ دیدار لەگەڵ دوورگەی ئیمڕاڵی ئاماژەی بە زمانی توندوتیژی بە دەر لە چالاكی توندوتیژی و روخان و تێكدان كرد.
بۆزداغ گوتی: "ئەو ھەڵوێستە توندوتیژیانە كاریگەری نەرێی كردووەتە سەر دیدارەكان لەگەڵ ئۆجەلان. لەم خاڵەدا كاریگەری لەسەر پێداگری و ھەڵوێستەكانمان دەكات."
وەزیری دادی توركیا بۆزداغ، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی سەبارەت بە پرسی چارەسەر و داواكاریی ھەدەپە بۆ دیداری ئۆجەلان دایەوە و گوتی: "بۆ دیدار لەگەڵ ئیمراڵی ھەدەپە داواكاریی پێشكەش بە وەزارەتەكەمان كرد، لە ئێستادا ھەڵسەنگاندنی لە بارەوە دەكەین، لەم كاتەدا بڕیاری رێگەدان نەدراوە، چونكە پێویستە سەیری رەوشەكە بكەین، لە لایەكەوە چالاكی توندوتیژی دەكرێ، لە لایەكی دیكەوە مرۆڤەكان گیانیان لە دەست دەدەن، ھۆكاری ئەو رووداوانەش بوونی پارتێكی سیاسییە، ناتوانین چاوپۆشی بكەین، چەندین چالاكی لەو جۆرانە بووەتە ھۆی گیان لە دەستدانی مرۆڤەكان، ئەو كات پێویستە مەودا لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا بكرێ، پێویستە نەخێر بۆ زمانی توندوتیژی بكرێ."
بۆزداغ، سەبارەت بە پرسیاری ئایا سەیری رەوشەكە و پێشھاتەكان دەكەن؟ لە وەڵامدا گوتی: بەدڵنیاییەوە بەڵێ."
بۆزداغ لە وەڵامی پرسیاری وەستاندنی دیدارەكان لە ئەگەری نەبوونی كاریگەری ئەرێنی لە رەوشەكە گوتی: "رستەیەكی روون لەو بارەوە ناڵێم، بەڵام زمانی توندوتیژی بەدەر لە چالاكی توندوتیژی و روخان و تێكدان بە دڵنیاییەوە كاریگەری نەرێی كردووەتە سەر دیدارەكان لەگەڵ ئۆجەلان. لەم خاڵەدا كاریگەری لەسەر پێداگری و ھەڵوێستەكانمان دەكات. ناتوانین چاوپۆشی لە كاری رووخان و تێكدان بكەین."
وەزیری دادی توركیا لە گوتەكانی ھیچ بەروارێكی بۆ دیداری ھەدەپە لەگەڵ ئۆجەلان نەدا و گوتی: "ئەو لایەنەی سەردانی وەزارەت بۆ داوای مۆڵەت دەكا ناتوانین دەست بەجێ مۆڵەتی پێبدەین، ئەو بڕیارە دەخرێتە بەردەست وەزیرو بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێ، بەڵام ئەو دەسەڵاتەم هێشتا بەكارنەهێناوە."