Hemin Hüseyin
26 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2017
هەولێر- AA
لەسەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو بەجیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە و قوباد تاڵەبانی و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی، عەلی باپیر و رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی، عیرفان عەبدولعەزیز کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش هەر هەمان شەو نوسینگەی نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تورکیا داخرا و نوێنەرەکەش گەڕاویەوە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ مامەڵەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەکەکە دەگەڕێنێتەوە.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە کە ئەندامی ئەو شاندەی یەکێتی بوو کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەولێر کۆبوونەوە، لە لێدوانێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکراکرد و گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاشئۆغلو دووپاتیکردەوە کە لە بەغدا و تورکیا هەمیشە تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە ریفراندۆم نەگۆڕە، ئەویش ئەوەیە کە تورکیا رازی نییە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵوێستی هەیە، پێیان وایە ئەو هەڵوێستە بە جدی وەربگیرێت، چوبکە بە بۆچوونی ئەوان ئەم ریفراندۆمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان پێکهاتەکان و لاوازبوونی بەرەی دژ بە تیرۆر، بێگومان ئەم هەڵوێستەیان تەنها بۆ کورد نییە بەڵکو ئەگەر لایەنەکانی دیکەش بیانەوێت ریفراندۆم بکەن، ئەوا تورکیا هەمان هەڵوێستی دەبێت".
سەبارەت بە وەڵامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، سەعدی پیرە گوتی: "وەڵامی ئێمە ئەوەبوو کە ئەم هەڵوێستە لەخۆیەوە دروست نەبووە، ئێمە پێشتر بۆخۆمان هەوڵی ئەوەمانداوە کە عێراق بە هێزبکەین، بەڵام عێراق لەسەر بنەمای پەراوێزخستن مامەڵە لەگەڵ سوننە دەکات، بەجۆرێک لە جیاتی سوپای نیشتمانی، سوپای تایفی دروست دەکات، لەجیاتی دەوڵەتی هاووڵاتی، دەوڵەتی تایفی دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا گوێ بە شەراکەت و رێککەوتن نادات، ئەمەش عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات".
سەبارەت بە داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنقەرە، سەعدی پیرە گوتی: "ئەو ئیجرائاتەی بەرامبەر نووسینگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تورکیا کرا، کە ئێمە پێمانوابوو ئەمە بڕیارێکی قوڕسە، هەرچەندە پێمان وابوو بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت یان نا، ئەوا هەر دراوسێ دەمێنینەوە، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بە زووترین کات چارەسەری بکەین و خەریکی ئەو گفتوگۆیانەین، بە گشتی بەناردنەوەی نوێنەری یەکێتیی لە تورکیا دەیانەوێت پەیامێک بدەن بە یەکێتیی کە ئەوان رازی نیین بەو مامەڵەیەی نێوان یەکێتیی و پەکەکە".
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی: "تەوەرێکی دیکە ئەوەبوو کە وەزیری دەرەوەی تورکیا نیگەران بوو لەسەر بابەتی هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک".
سەعدی پیرە گوتیشی: "هاتنی شاندی وڵاتان بۆ ئێرە تایبەت نییە بە بابەتی ریفرندۆم، رەنگە مەسەلەی ریفراندۆم یەکێک بێت لە تەوەرەکان بەڵام پێم وانییە پرسی ریفراندۆم بە هاتنی چەند وەزیرێک بگۆڕدرێت، چونکە خەڵک بڕیاریداوە و ئەمە مافێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و مەگەر بەدیلێکی زۆر باشتر هەبێت، دوای ئەوەش دەبێت هەموولایەک دان بەوە دا بنێن کە کورد مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، ئینجا با باس لە پێشخستن و دواخستنی ریفراندۆم بکرێت".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەردانی بەغدای کرد و لە میانی سەردانەکەیدا، لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراھیم جەعفەری و پەرلەمانتار و سیاسییە تورکمانەکان کۆبووەوە و ئێوارەی هەمان رۆژیش سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە.