سياسەت

"تاکە چارەسەر بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال بەکارهێنانى هێزە"

- سەرۆکى لێژنەى کاروبارى شنگال لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، شیروان دووبەردانى: "ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە چوارچێوەى سەپاندنى یاسادا، فشار دەخاتە سەر حکوومەتى عێراق بۆ ئەوەی چەکدارانى پەکەکە لە شنگال دەربکات".

Ekip  | 18.03.2019 - نوێکردنەوە : 19.03.2019
"تاکە چارەسەر بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال بەکارهێنانى هێزە"

Mosul

مووسڵ - AA

سەرۆکى لێژنەى کاروبارى شنگال لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، شیروان دووبەردانى رایگەیاند "پەکەکە شنگالى داگیرکردووە و سنوورەکە بۆ کار و چالاکییە چەکدارییەکانى خۆى بەکاردەهێنێت".

شیروان دووبەردانى کە هاوکات ئەندامى لێژنەى دەرخستنى راستییەکانیشە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە وەکو لێژنەى کاروبارى شنگال و لێژنەى دەرخستنى راستییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، راپۆرتێکى ٣٠ خاڵیمان نووسیوەتەوە، یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکان دەرکردنی پەکەکەیە لە سنوورى قەزاى شنگال، بۆ ئەو مەبەستەش ئیمزاى ٦٨ ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانمان کۆکردووەتەوە و کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجامداوە و لە دانیشتنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەراندا، پرسى دەرکردنى پەکەکە دەخرێتە دەنگدانەوە".

گوتیشى: "ئێمە وەکو پەرلەمانتارانى سنوورى پارێزگاى نەینەوا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و بە هاوئاهەنگى لەگەڵ ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و ئیدارەى شەرعى قەزاى شنگال دەمانەوێت لە چوارچێوەى سەپاندنى یاسا کاربکەین بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال و دەورووبەرى، هەروەها هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ گەڕانەوەى ئیدارەى شەرعى قەزاکە کە پەکەکە رێگرى لە گەڕانەوەیان دەکات".

سەبارەت بەوەى کە ئاخۆ پەکەکە رادەستى بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەبێت یان نا، شیروان دووبەردانى گوتى: "بەکارهێنانى هێز بە بڕیارى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە هەماهەنگى هاوپەیمانان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان تاکە چارەسەرە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە سنوورى قەزاى شنگال، چونکە لە ماوەى رابردوو بۆ هەموو لایەک سەلمێندرا کە پەکەکە رێز لە خواست و بڕیارى دیموکراتییانەى خەڵک و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و شنگال و حکوومەتى هەرێم ناگرێت".

- پرسى هەبوونى بنکە چەکدارییەکانى پەکەکە لە شنگال

سەرۆکى لێژنەى کاروبارى شنگال لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى هەبوونى بنکەى راهێنانى چەکدارانی پەکەکە لە شنگال گوتى: "پەکەکە لە قەزاى شنگال بنکەى چەکداری هەیە و تا ئێستا مەشق و راهێنان بەو خەڵکە دەکات کە چوونەتە ریزەکانى پەکەکە یان بەزۆرەملێ چەکدارى کردوون".

گوتیشى: "جگە لە دانیشتوانى شنگال، پەکەکە ماوەیەکە چاوى بڕیوەتەوە گەنجانى سنوورى گوندەکانى پارێزگاى نەینەوا ژمارەیەکى زۆریشى لێکردوون بە چەکدارى خۆى، سەرجەم چەکدارەکانى پەکەکە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە لە لایەن حەشدى شەعبییەوە مووچەیان پێدەدرێت، هەر چەکدارێک ٣٠٠ دۆلاریان پێدەدرێت".

شیروان دووبەردانى دەڵێت "نازانین ژمارەى چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى قەزاى شنگال چەندە، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەست ئێمە گەیشتووەتە زیاترە لە سێ هەزار چەکدار، جگە لە دەیان بارەگا دەیان تونێلیشیان هەڵکەندووە و چەک و تەقەمەنییەکانیان تیادا حەشارداوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın