Zana Natık Kerem
25 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ٨٤٧ کاندیدکراو، ١٢٢ پارت و ١٣ ھاوپەیمانیی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوختە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، خۆیان تۆمارکردووە.
لە راگەیەنراوێکدا کۆمیسیۆنی ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە خۆیان تۆمارکردووە، گەیشتووەتە ٨٤٧ کەس و ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەروەھا تا ئێستا ١٢٢ پارت بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا، خۆیان تۆمارکردووە.
باسی لەوەشکردووە لە کۆی ٣٣ ھاوپەیمانیی کە لای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، خۆیان تۆمارکردووە ١٣یان خواستی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا.
ئەمەیش لە کاتێکدا، لە یەکی مانگی داھاتوودا وادەی تۆمارکردنی کاندید، پارت و ھاوپەیمانییەکان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە کۆتایی دێت.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.