Sarmand Hameed
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رایگەیاند، رێکەوتنی نێوان حکوومەتی فیدڕال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکان هەنگاوێکی باشە بەرەو چارەسەکردنی کێشەکان و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت مووچە گیرۆدەی ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندی تایبەتی و قاچاخچێتی بکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح دوای گەیشتنی بۆ شاری سلێمانی، لێدوانی بۆ بەشێک لە میدیاکان داوە.
سەرکۆماری عێراق لەبارەی حکوومەتی فیدڕال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکان گوتی "بێگومان ئەم رێککەوتنە رێککەوتنێکی گرنگە، هەنگاوێکی باشە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان، هیوادارم وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، و گرنگە جێبەجێ بکرێت و ئەمە زەمینەسازیی بکات بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بەم کێشە و قەیرانە".
بەرهەم ساڵح لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە رایگەیاندووە "مووچە مافێکی دەستووریی و رەوای خەڵکە، ناکرێ چیتر گیرۆدەی ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندی تایبەتی و قاچاخچێتی بکرێت".
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح جەختی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کردووەتەوە و رایگەیاندووە "دەبێ رێککەوتنێکی گشتیگیر زوو بەزوو تەواو بکەین، چونکە ئەم رێککەوتنە کاتییە و بۆ ئەو ماوەیەیە کە بوودجەی عێراق پەسەند دەکرێ".
رۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدرال، مستەفا کازمی لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان کرد و هەردوولا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتن.
ئەم رێککەوتنە دوای زنجیرەیەک سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا هات بەمەبەستی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ومووچەی فەرمانبەران.