Zana Natık Kerem
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
دوای سێ ساڵ لە شەڕەكانی دژ بە داعش، هەفتەی رابردوو سەرۆكوزەیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، حەیدەر عەبادی رایگەیاندبوو كە داعش لە رووی سەربازییەوە كۆتایی پێهاتووە، ئەوەش دوای ئەوەی كە هێزە عێراقییەكان شاری راوە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لەژێر كۆنتڕۆڵی داعش دەرهێنا و بە تەواوی كۆنتڕۆڵیان كردەوە.
بەڵام حەیدەر عەبادی باش درك بەوە دەکات كە لەدەستدانی داعش بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی كە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ كۆنتڕۆڵی كردبوون، مانای ئەوە نییە كە عێراق بە یەكجارێكی كۆتایی بە رێخراوی داعشی هێناوە، بۆیە رایگەیاندبوو كە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی پاكسازیكردنی ناوچەکانی بیابان، شكستهێنانی یەكجارێكی داعش لە عێراق رادەگەیەنرێت.
هەر دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری راوە لە ١٧ی ئەم مانگە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی پاكسازیكردنی بەرزاییەكانی فورات و جەزیرە، فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی پاكسازیكردنی ناوچە بیابانەكانی نێوان سەڵاحەددین، نەینەوا و ئەنباری راگەیاندبوو.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی فیدرال لە ناحیەی حەمام عەلیل باشووری پارێزگای نەینەوا، رائید عەلی بەیزانی رایگەیاند كە دوای ئەوەی داعش لە شەڕەكاندا تووشی شكستێكی گەورە هات و ئەو ناوچانەی لە دەستدا كە پێشتر كۆنتڕۆڵی كردبوون، رووی لە بیابانەكان كرد كە لەو ناوچانە پشتی بەستووە بە ئەنجامدانی هێرشەكان لە پێناو شڵەژانی ئاسایشی و سەقامگیری شاری مووسڵ و ناحییەكانی دەورووبەری.
عەلی بەیزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ماوەكانی رابردوودا و لە میانی پشت بەستن بە شێوازی شەڕی پارتیزانی، تیرۆریستانی داعش لە ناوچە بیابانەكانەوە ژمارەیەك هێرشی تیرۆیستیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ژمارەیەك پارێزگای عێراق ئەنجامداوە".
ئەفسەرەكە دووپاتی دەكاتەوە كە هەر رۆژێك بەسەر بوونی رێكخراوی داعش لە بیابانەكان بە بێ چارەسەركردن تێپەڕێت، ئەوا ئەوەندەی دیكە رێكخراوەكە هێز بەدەست دەهێنێتەوە و ریزی چەكدارەكانی رێكدەخاتەوە كە دواتر دەست بە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دەكاتەوە بۆ سەر ناوچەكان و هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج.