Hemin Hüseyin
31 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2017
هەولێر-AA
لایەنە سیاسییە تورکمانییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم و سەرۆکی یەکێک لە پارتە تورکمانییەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی دژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمن "پێویستە هۆکارەکەی ئاشکرا بکەن"، لەبەرامبەریشدا بەشێکی دیکەی لایەنەکانی تورکمان ئاشکرای دەکەن کە "لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکیان لەگەڵ پڕۆسەی ریفراندۆم نییە بەڵام لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پڕۆسەکە رەت دەکەنەوە".
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان کە هاوکات ئەندامی شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی کوردسستانە ئاماژە بەوە دەکات کە بەگشتی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە ریفراندۆم دەکەن و پێی وایە ئەوەی دژایەتی ریفراندۆمیش دەکات دەبێت هۆکارەکەی روون بکاتەوە.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، محەمەد ئیلخانڵی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆچوونەکان ئاشکرایە بەڵام پێویستی بە هەندێک روونکردنەوە هەیە، حزب و لایەنە تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە ریفراندۆم دەکەن، هاوکات لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تایبەت لە شاری کەرکووک، ئەو تورکمانانەی کە سەر بە هیچ حزبێکی سیاسیی نیین و بێلایەنن، ئەوانیش پشتگیری لە پڕۆسەی ریفراندۆم دەکەن، کەواتا بە گشتی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی وەکو تەلەعفەر و کەرکووک پشتگیری لە ریفراندۆم دەکەن، بەڵام تەنیا بەرەی تورکمانی دژی ئەنجامدانی پڕۆسەکەیە و تاکو ئێستاش نازانین هۆکاری ئەو هەڵوێستەی بەرەی تورکمانی چییە".
ئیلخانڵی پێی وایە ئەو لایەنانەی دیکە کە لەگەڵ پڕۆسەی ریفراندۆم نیین، دەیانەوێت کاتەکە دەستکاری بکرێت بەڵام دژی ئەنجامدانی پڕۆسەکە نینن و لەمبارەیەوە گوتی: "لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە لەگەڵ پڕۆسەی ریفراندۆم نیین تەنیا دەڵێن دەبێت کاتەکە بگۆڕدرێت، بەڵام بەرەی تورکمانی دژی پڕۆسەکەیە و رەتی دەکاتەوە، بۆیە جگە لە بەرەی تورکمانی، ئەوا حزب و لایەنە تورکمانییەکان و خەڵکی بێلایەنەیش، پشتگیری لە پڕۆسەی ریفراندۆم دەکەن، چونکە ئەگەر بەراورد بکەین لە بارودۆخی تورکمان لە نیوان هەولێر و ناوچەکانی دیکە دەبینین چ لە رووی کۆمەڵایەتی و چ لە رووی کولتووری و چ لە رووی بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیی زۆر باشترە لە چاو شارەکانی دیکەی عێراق".
ئیلخانڵی ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرەی تورکمانی هەڵوێستێکی گرتووەتەبەر کە رێگای بۆ بواری گفتوگۆ نەهێشتووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "بەرەی تورکمانی هەڵوێستێکی سیاسیی وای گرتووەبەرە و هیچ بوارێکی بۆ گفتوگۆ نەهشێتووەتەوە و باشتر وایە بەرەی تورکمانی پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەڵوێستی خۆیاندا بکەن و باشتر وایە ئێمە سوود لەم بارودۆخە وەربگرین و پێویستە بەرهەمی خۆمان هەبێت لە پڕۆسەکە".
سەبارەت بە دڵنیاییدان بە پێکهاتەکان بە دەستەبەرکردنی مافەکانییان لە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان،سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، محەمەد ئیلخانڵی گوتی: "لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٥) هەیە کە تایبەتە بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و لەدوا کۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆکی هەرێم بڕیارماندا وەسیقەیەک ئامادە بکرێت بۆ زامنکردنی مافی نەتەوەی و ئایینییەکان و ئەمەش دڵنیایی دەداتە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان".
بەرەی تورکمانی عێراقی لایەنێکی دیکەی پێکهاتەکانی تورکمانە و لەسەرەتاوە بۆچوونی جیاوازی هەیە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم و بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی نەکردووە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو پارتەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم نییە لە هەرێمی کوردستان بەڵام کێشەیان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە هەیە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە پێشووتریش ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە ئێمە لەهەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم نییە بەڵام لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پڕۆسەکە رەتدەکەیەنەوە و قبوڵی ناکەین".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستانیش پێویستە شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکان دیاریبکرێت، کاتەکە بە گونجاو نازانین لەبەر ئەوەی رەوشی عێراق تایبەتە، بەتایبەت ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر هەیە و کەرکووک سەدا ٤٠ ی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە و لەبەر ئەوە کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت، دەبێت باسی ئاساییکردنەوەی ناوچەکانیش بکرێت، چونکە لەگەڵ پارچە پارچەبوونی عێراقدا، هەست دەکەین تورکمانەکانیش دابەش دەبن، بۆیە کاتەکە بە گونجاو نازانین".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان کرد لە رابردوودا، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە کە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەو پێکەوەژیانە دروست نەبووە و لەمبارەیەوە ئایدن مەعروف گوتی: "ئەم پێکەوەژیانەی کورد و تورکمان لە هەرێمی کوردستان سیمایەکی جوانی نیشانی جیهان داوە و هەمیشە پاڵپشتی ئەو پێکەوەژیانەین، بەڵام لەناوچە کێشەلەسەرەکان متمانەی نێوان پێکهاتەکان دروست نەکراوە و پێویستە ئەو متمانەیە دروست بکرێت".
ئایدن مەعروف گلەیی لە لایەنە تورکمانەکانی دەرەوەی بەرەی تورکمانی کرد و بە جێبەجێکاری ئەجێندای پارتە سیاسییەکانی هەرێم وەسف کردن و گوتی: "لایەنە سیاییەکانی تورکمان کە لەدەروەی بەرەی تورکمانین ئەوانە خزمەتی لایەنێکی سیاسیی هەرێم دەکەن و ئەمەش کاریگەری خراپی دروستکردووە لەسەر رەوشی تورکمان، بۆیە پێویستە ئەم لایەنانە ببنە نوێنەری راستەقینەی تورکمان و شەقامی تورکمانی بەرەو پێشەوەببەن".