Şenhan Bolelli,Muhammet Ali Kemal
31 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2017
مەدرید - AA
دادگای دەستووریی ئیسپانیا تانەی حکوومەتی ناوەندیی وڵاتەکەی پەسەند کرد و بڕیاری راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن پەرلەمانی کەتەلۆنیاوە هەڵپەسارد.
ئەندامانی دادگای دەستووریی ئیسپانیا بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر تانەی حکوومەتی ئەو وڵاتە سەبارەت بە راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن هەرێمی کەتەلۆنیا لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا و دەستپێکردنی پرۆسەی دامەزراندنی کۆماری کەتەلۆنیا، کۆبوویەوە.
لەگەڵ پەسەندکردنی تانەکەی حکوومەتی ئیسپانیا لە لایەن دادگای دەستوورییەوە، ئەو بڕیارانەی لە لایەن پەرلەمانی کەتەلۆنیاوە دراون، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵپەسێردران.
دادگای دەستووریی ئیسپانیا لەماوەی پێنج مانگدا تاوتوێی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن کەتەلۆنیاوە دەکات و بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەدات.
هاوکات سکاڵانامەکەی داواکاری گشتیی ئیسپانیا لە دژی هەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا، کارلێس پیگدێمۆنت و جێگری سەرۆک، ئۆریۆڵ یەنکێراس و ١٢ وەزیر و سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، کارمێ فۆرجادڵ و پێنج ئەندامی دامەزراوەی دیوانی هەرێمەکە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەریەک لە تاوانەکانی ''دژایەتییکردنی دەوڵەت، شۆڕش و خراپ بەکارهێنانی موڵک و ماڵی گشتیی'' لە لایەن دوو دادگاوە پەسەندکرا.