16 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2017
دهۆک-AA
سکرتێرى حزبى ئێزدى دیموکرات، حەیدەر شەشۆ رایگەیاند "ئاوەدانکردنەوەى شنگال بوودجەیەکى تایبەت و ئیدارەیەکى سەرکەوتووى پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا نین پەکەکە شنگال بکاتە قەندیلى دووەم".
سکرتێرى حزبى ئێزدى دیموکرات، حەیدەر شەشۆ کە هاوکات فەرماندەى پاراستنى ئێزدخانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگەیە لە چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دۆخى شنگال دواى شەڕو پێکدادانەکانى نێوان چەکدارانى پەکەکە و هێزى پێشمەرگە لە خانەسۆر و دواتر بۆردومانى فڕۆکەکانى تورکیا بۆسەر چیاى شنگال بەرەو ئاڵۆزتر چووە، هەرچەند پێشتریش دۆخى شنگال وەک پێویست نەبوو، بەڵام دواى قۆناغەکانى شەڕى خانەسۆر و بۆردومانى تورکیا بۆسەر چیاى شنگال، ترس و شڵەژاوییەکى گەورە کەوتە نێو خەڵک لە کۆى ٢٠ لە سەدى هاووڵاتى گەڕاوە بۆ شارەکە ٥ لە سەدى هاووڵاتییانى شنگال جارێکى دیکە ئاوارەى سنوورەکانى پارێزگاى دهۆک بوونەوە".
حەیدەر شەشۆ رووى قسەکانى دەکاتە رێکخراوە خێرخوازەکانى ناوچەکە و دەڵێت "ئەگەر لە رووى مرۆییەوە قسە بکەین بەشێک لە دۆخە ناهەموارەکەى شنگال بە هۆى نەبوونى خزمەتگوزارییە، بەشەکەى دیکەشی بە داخەوە ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوى خێرخواز لە سنوورى شنگال کار دەکەن، بەڵام بە داخەوە لەسەر بنەمایەکى نادروست کارى رۆژانەیان دەکەن، رێکخراوەکان پارەى زیاتر وەردەگرن و کەمتر بەکاری دەهێنن، لایەنى پەیوەندیدار چاودێرى کاروبارى رێکخراوەکان ناکەن".
سکرتێرى حزبى ئێزدى دیموکرات بوونى پەکەکە بە هۆکارى سەرەکى کێشەکانى شنگال دەزانێت و دەڵێت "بوونى پەکەکە لە شنگال هۆکارى سەرەکى ئاوەدان نەکردنەوە و نەگەڕانەوەى ئاوارەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هۆکارى دیکەیش هەن کە تا ئێستا خزمەتگوزارى پێشکەش بە شنگال نەکراوە، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى بوونى پەکەکە لە شنگال پێویستە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پەکەکە لە شنگال پێکەوە بگەنە رێککەوتن و بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە".
لەبارەى ئەوەى ئەگەر حەیدەر شەشۆ لایەنى سێیەم بێت لە کۆبوونەوەکاندا هەڵوێستییان چى دەبێت سەبارەت بە بوونى پەکەکە لە شنگال؟ لە وەڵامدا شەشۆ گوتى: "هەرچەند تا ئێستا کۆبوونەوەیەکى وا لە ئارادا نییە، بەڵام ئەگەر من لایەنى سێیەم بم لە کۆبوونەوەى نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پەکەکە، هەڵوێستى من ئەوە دەبێت پەکەکە کارەکانیان تەواو بووە دەبێت بگەڕێنەوە، لە ئێستادا مانەوەى پەکەکە لە شنگال لە بەرژەوەندى شنگال و تەواوى هەرێمى کوردستان نییە".
گوتیشى: "کاتێک پەکەکە لە شنگال بڕوانێت و بیەوێت بیکاتە قەندیلى دووەم رۆژانە دەستوەردانى دەرەکى بکەوێتە سەر شنگال و بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بکەوێتە سەر ناوچەکە، دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، چونکە ئەمە زیان بە هەموو چین و توێژەکانى شنگال دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە چەکدارانى پەکەکە دەکەین کە دەزانن مانەوەى لە شنگال لە زیان گەیاندن بە کوردانى ئیزدى هیچیتر نییە، خۆیان بڕیار بدەن دەربکەون لە شارەکە زۆر باشترە".
- "هیچ هێزێک نییە ئێزدى لە هەرێمى کوردستان جیابکاتەوە"
سکرتێرى حزبى ئێزدى دیموکرات، حەیدەر شەشۆ لەبارەى ئامانج لە دروستکردنى حزبەکەى دەڵێت "بڕیاری دروستکردنى حزبى ئێزدى دیموکرات لەوە سەرچاوەى گرتووە کە پارت و لایەنە سیاسییەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و عێراق وەک پێويست خزمەتیان بە کوردى ئیزدى نەکردووە و مافى ئێزدییەکان دەستەبەر نەکردووە، بۆیە ئامانج لە راگەیاندنى حزبى ئێزدى دیموکرات ئەوەیە ئەگەر هەموو مافێکى کوردى ئێزدى دەستەبەر نەکەین، بەڵام بێ دەنگیش نەبین لە بەدەستهێنانى".
دەشڵێت "حزبەکەى ئێمە لە چوارچێوەى هەرێمى کوردستانى عێراق وەک هەموو حزبە کوردییەکانى دیکەى هەرێمى کوردستانن. وەک ئەوان مافى ئەوەمان هەیە لە هەڵبژاردنى عێراق و هەرێمى کوردستان بەشدار بین، هیچ هێزێک ناتوانێت کوردى ئێزدى لە هەرێمى کوردستان جیابکاتەوە، لالشى نورانیمان لە ناوجەرگەى هەرێمە هەموو پیرۆزییەکانمان کوردستانییە".
سکرتێرى حزبى ئێزدى دیموکرات لەبارەى هەڵبژاردنەکانەوە گوتى: "لە هەڵبژاردنەکانى عێراق بەشداریمان دەبێت، بۆ هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستانیش تا ئێستا مۆڵەتى ئەمنى دامەزراندنى حزبى ئێزدى دیموکراتمان وەرنەگرتووە بەهۆى ئەوەى خۆمان زۆر بە جددى بەدواداچوونمان نەکردووە، بەڵام لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەو مۆڵەتەیش وەردەگرین".