Hemin Hüseyin
15 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2017
هەولێر-AA
بەمەبەستی ٥٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پیرۆزباییەک ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان دەکات و هیوای سەرکەوتنییان بۆ دەخوازێت.
ئەمە دەقی پیرۆزباییەکەیە: "بەبۆنەی یادی پەنجاوپێنج ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو راستییەیە کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر لە سەنگەری پێشەوەی خەباتدا بوون و لەو پێناوەشدا دەیان شەھیدی نەمریان پێشکەشی کوردستان کردووە.
دوای بڕینی بودجەی کوردستان و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەھەمان روحییەتی پێشمەرگانەوە بەرامبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانھێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت. ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا و گەلەکەمان ھەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە ھەمان رۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و ھەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن ھەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی ھەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت.
پێویستە مامۆستایان ئەو وانەیە بە رۆڵەکانمان بڵێنەوە کە نابێ قوربانییەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت و بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو داھاتوویەکی پڕشنگدار ھەنگاو بنێن"