Zana Natık Kerem
30 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2017
دەوحە ــ AA
وەزیری دەوڵەت لە قەتەر بۆ كاروباری بەرگری رایگەیاند كە ئەوەی ئێستا قەتەر لە هەڵمەتی گەمارۆدان رووبەڕووی بووەتەوە، وەك راگەیاندنی جەنگێكی بێ خوێن وایە.
لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی عەرەبی نوێ كە بارەگاكەی لە شاری لەندەنە، خالید عەتییە پرسیاری ئەوەی كرد "ئایا داخستنی سنووری وشكانی، دەریایی و ئاسمانی بە زیان گەیاندنێك بە هاووڵاتییان و لێدانی پێکهاتەی كۆمەڵایەتی وڵاتانی كەنداو بەچی وەسف دەكرێت؟ ".
وەزیری دەوڵەت لە قەتەر بۆ كاروباری بەرگری ئاماژەی بەوەشدا كە بنكەی توركیا لە قەتەر دەبێتە بابەتی گفتوگۆكانی كە ئەمڕۆ هەینی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ھەریەك لە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری بەرگری توركیا، فكری ئشك تاوتوێی دەكات.
چەند سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری توركیا بە ئاژانسی ئانادۆڵویان رایگەیاندبوو كە دوێنێ پێنجشەممە وەزیری دەوڵەت لە قەتەر بۆ كاورباری بەرگری، خالید عەتییە بە سەردانێك گەیشتووەتە ئەنقەرە.
خالید عەتییە دووپاتشیكردەوە كە قەتەر و توركیا پەیوەندییەكی مێژوویی و بەردەوام پێكەوە دەیانبەستێتەوە و ئامانج لەم سەردانەشی پتەوتركردنی هاوكاری بەرگرییە لە نێوان هەردوو وڵاتە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی قەتەر لەگەڵ ئەمریكا، خالید عەتییە گوتی: "پەیوەندی قەتەر لەگەڵ ئەمریكا، پەیوەندییەكی ستراتیجییە بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستدارە بە پرسی رووبەڕبوونەوەی تیرۆر".
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە بە هیچ شێوەیەك بنكەی ئەمریكا لە قەتەر داناخرێت و كارێكی لەوە جۆرە لە ئارادا نییە و روو نادات.
لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری دەوڵەت لە قەتەر بۆ كاروباری بەرگری دووپاتی كردەوە كە وڵاتەکەی لە رێگەی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەكان لە پێناو یارمەتیدانی گەلی سووریا كار دەكات كە ئەوانەش كۆمەڵەی دۆستایەتی سووریان لە سەرووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆیە ئەوەی دەگوترێت قەتەر یارمەتی پارەداركردنی گرووپە تیرۆریستەكان دەدات، دوورە لە راستییەوە.
لە ٥ی ئەم مانگەوە هەر یەك لە سعوودیە، میسر، ئیمارات، بەحرێن، یەمەن، كۆماری یەكگرتووی كۆمۆرۆ و مۆریتانیا بە ھۆی ئێران و لە پێناو ئاسایشی وڵاتەكانیاندا پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند و هەروەها ئوردن و جیبۆتی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەردا كەمكردووە.
دوای پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیش، ئەو وڵاتانەی كەنداو گەمارۆیان بەسەر قەتەردا سەپاندوو و تەنانەت سنوورەكانی وشكانی، دەریایی و ئاسمانیشیان لەگەڵدا داخست.
ئەو وڵاتانەی كەنداو كە تا ئێستا پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەردا نەپچڕاندووە، كوێت و سوڵتاننشینی عومانە.
ھاوكات ھەر لەگەڵ ئەو بڕیارەدا فەرماندەیی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە بڕیاری كۆتاییهێنان بە بەشداریكردنی قەتەر لەو هاوپەیمانێتیەدا، دەركرد.
لە بەرامبەردا، قەتەر ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و رایگەیاند بڕیارەكەی هەریەك لە سعوودیە، بەحرێن و ئیمارات بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، هیچ بنەمایەكی نییە و لەسەر بناغەی بانگەشەی ناڕاست دراوە.