Heman Hussein Yaseen
24 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکار، دوا پێشھات و رێڕەوی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ خستەڕوو و جەختی لەوەکردەوە کە بەردەوامن لە دانوستانەکان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە پرسی پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە و ھاتووە ''لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب و وەزیری پلاندانان، دارا رەشید تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بوودجەیەکی شەفاف و واقیعی ئامادە بکرێت".
راشیگەیاندووە کە وەزیری پلاندانان، دارا رەشید رەشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی ھاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی لە ھەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو و دوای گفتوکۆ و راگۆڕینەوە، پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پەسەندکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزیری کارەبا، کەمال محەمەد ساڵح خرایەڕوو.
پەیوەست بە دۆخی تەندروستیش لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە ''وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی راپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە خستەڕوو ''.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید دڵنیایی دا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن بە مەرجی رەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن.