Heman Hussein Yaseen
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بڕیارە کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە و تاوتوێی چەند تەوەرێک بکات لەوانە پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و دەنگدان لەسەر تەواوکردنی یاسايی هەڵبژاردنی عێراق.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ناسر ھەرکی بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە، تەوەرێکی دانیشتنەکە بریتییە لە دەنگدان لەسەر تەواوکردنی یاسايی هەڵبژاردن چونکە تا ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، هەروەها بابەتی کورتهێنانی دارایی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت".
ناسر هەرکی گوتیشی: "ئەنجوومەنی نوێنەران جگە لە پڕۆژە یاسايی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و قەرزکردنی پارە و هەروەها دوو پڕۆژە یاسا سەبارەت بە رزگاربووان و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدی تاوتوێ دەکات".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەیشی خستەڕوو کە، بڕیارە دەنگ لەسەر تەواوکردنی یاسايی هەڵبژاردنەکانی عێراق بدرێت، کە هێشتا رێککەوتنی سیاسیی لەبارەیەوە نەکراوە، هەرچەندە وەک کورد لەنێوان خۆماندا کێشەیەکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام ئەمانە بەرنامەی ئەمڕۆ دەبێت.
لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵ، سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریکرد و رایگەیاند کە رۆژی شەشـی حوزەیرانی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. هەر ئەوکات یۆنامیش پاڵپشتی بۆ بڕیارەکەی کازمی دەربڕی.