شیکردنەوە, عێراق

بۆشایی ئەمنی و پەتای کۆرۆنا بواری بۆ سەرهەڵدانەوە داعش لە عێراق خۆشکردووە

سەرەڕای نزیک بە سێ ساڵ لە راگەیاندنی کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق، بەڵام دووبارە جموجۆڵەکانی ئەو رێکخراوەیە و کردەوە تیرۆریستییەکانی، گۆڕەپانی سیاسی عێراقی لە جارێکی دیکە سەرهەڵدانەوەی داعش بە نیگەرانی خستووە.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 24.10.2020 - نوێکردنەوە : 25.10.2020
بۆشایی ئەمنی و پەتای کۆرۆنا بواری بۆ سەرهەڵدانەوە داعش لە عێراق خۆشکردووە

Arbil

هەولێر - AA

سەرەڕای نزیک بە سێ ساڵ لە راگەیاندنی کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق، بەڵام دەووبارە جموجۆڵەکانی ئەو رێکخراوەیە و کردەوە تیرۆریستییەکانی، گۆڕەپانی سیاسی عێراقی لە جارێکی دیکە سەرهەڵدانەوەی داعش بە نیگەرانی خستووە.

هەواڵەکان لەسەر بنەمای کردەوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەریدەخەن کە جارێکی دیکە ئەو رێکخراوە بەڵام بە تاکتیکێکی جیاوازتر هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٤ ئەنجامی دەدا، لە عێراق دەرکەوتووەتەوە و بە دانانی بۆسە و بازگەی وەهمی، خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج و هەندێکجاریش راستەوخۆ بنکە و بارەگای هێزە ئەمنییەکانی دەکاتە ئامانج.

- عەبادی کۆتایی هاتنی داعشی راگەیاندبوو

سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ کۆتاییهاتنی داعشی لە رووی سەربازییەوە راگەیاند.

گوتەکانی عەبادی لەمیانی کۆنگرەیەکی میدیاییدا بوو لە دوای سێ ساڵ لە دەستپێکی شەڕی داعش ئەو موژدەیەی بە خەڵکی عێراق راگەیاند. سەرۆکوەزیران وێڕای راگەیاندنی ئەو بابەتە، دووپاتیکردەوە کە لە رووی سەربازییەوە رێکخراوی داعش لە عێراق کۆتاییھاتووە و لە ھەموو عێراقدا سڕیوویانەتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە ناکۆکییە سیاسییەکان دەرگا لەبەردەم داعشدا دەکاتەوە بۆ ئەنحامدانی کردەوەی تیرۆریستی.

ئەو هۆشدارییەی عەبادی ئاماژەبوو بۆ ئەو ناکۆکییانەی کە لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ناو پێکهاتەکانی عێراقدا بوونی هەبووە لەوانەش کورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە.

- کوشتنی بەغدادی و کاریگەرییەکانی

تەنیا یەک ساڵ بەسەر کوشتنی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی تێدەپەڕێت. بەغدادی لە ٢٧ی تشرینی یەکەم لە بۆردومانێکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیدلب کوژرا.

کوژرانی بەغدادی بە گورزێکی جەرگبڕ بۆ داعش لێکدەدرایەوە دوای ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانەی کە لە عێراق و سووریا تووشی دەبوو. داعش بە دوای دیاریکردنی خەلیفەیەکی نوێ بۆ رێکخراوەکەی کە بەیعەتی هەموو ئەندامانی لە سەرانسەری سووریا و عێراقی بەدوادابێت، تا ئێستاش سەرکەوتوو نەبووە و ئەوەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم لاوازبوونی رێکخراوەکە لە رووی کاری رێکخراوەیی و توانای سەربازی و پراکتیکی، دووهەمیان بۆ ئەو هەیمەنەیە دەگەڕێتەوە کە بەغدادی بۆ سەر گرووپەکەی هەیبوو، ئەمەش وایکرد کە دیاریکردنی جێگرەوەی ئاسان نەبێت، بەڵام گریمانەکان هەر بەو ئاراستەیە نەبوو، روانگەیەکی دیکەش باسی لەوە دەکرد کە بیری توندڕەوی داعش لە ناو ئەندامانی دەتوانی کۆکەرەوەی هەموویان بێت.

داعش بۆ پاراستنی پێکهاتەی رێکخراوەیی و نیشاندانی بەهێزی خۆی، هەر زوو ناوی عەبدوڵڵا قارداش کە یەکێک بووە لە راوێژکاران و کەسانی نزیک بە بەغدادی، وەک خەلیفەی نوێی داعش راگەیاند. عەبدوڵڵا قارداش ناسراو بە ئەبو عومەر تورکمانی ئەفسەرێکی پێشووی سوپای عێراق بووە و تورکمانێکی سوننە مەزهەبی خەڵکی تەلەعفەرە. ئەو بەندیخانەی ئەمریکییەکانی بینیووە و بۆ ماوەیەک بە هۆی چالاکی سەربازییەوە دوای رووخانی رژێمی بەعس دەستگیر و دواتر ئازاد کراوە. باس لەوە دەکرێت لە بەندیخانەدا بەغدادی ناسیبێت و ئەو پەیوەندییە بەهێزە لە نێوانیاندا درووست بووبێت. هێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی تەمومژاوییدا دەستگیرکردنی قارداش-یان لە ٢٧ی ئایاری ئەمساڵ راگەیاند.

- پەرسەندنی جموجۆڵەکانی داعش

لە گەرمەی بەرنامە چاکسازییەکانی کازمی بۆ عێراق و رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە چەکدارییە توندڕەوەکان کە لە چوارچێوەی هێزەکانی دەوڵەتدا خۆیان وێنا دەکەن، جارێکی دیکە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لە هەندێک ناوچە کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوون و لە ژێر دەستیان دەرهێنرابوو، چالاکی چەکداری دەست پێدەکەنەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە گرفتەکانی دەوڵەتی نوێی عێراق بە پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا تەنگی بە سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت هەڵچنیووە و لە پاڵ هەموو ئەوانەدا، ئەگەری سەرنەکەوتنی دەوڵەت لە پلانی سیاسی و ئابوورییەکان، کۆمەڵگای عێراق بە تایبەتی ناوچە سوننەنشین و کوردنشینەکەی بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ (ئاماژە بە بەهێزی داعش و کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچە) تووشی مۆتەکە کردووە.

هەروەک پێشبینیش دەکرا، کوژرانی سەرکردەی داعش بەغدادی، کاریگەری لەسەر کۆتاییهاتنی ئایدیۆلۆجیای رێکخراوەکە نەبوو.

داعش، وەک ئەوەی هەموو سەرکردەکانی عێراق پێشتریش هۆشداریان لەبارەیەوە دابوو، لەگەڵ هەرچەشنە ناکۆکی و بۆشاییەک لە عێراق جموجۆڵەکانی هەستی پێدەکرێت.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، جەنەڕاڵ کینیز ماکینزی رایگەیاند ھێشتا رێکخراوی تیرۆریستی داعش ١٠ ھەزار چەکداری لە عێراق و سووریادا ماوە. ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریکا لەمیانی گوتەیەکیدا بۆ ناوەندی ئیمارات بۆ توێژینەوە، رایگەیاندبوو، جەنگ دژی پاشماوەکانی داعش ھێشتا بەردەوامە و ئەوەش کاری سەرەکی ئەمریکایە لە ناوچەکە.

ماکینزی ھۆشداریدا لە دووبارە گەڕانەوەی داعش لە سووریا، بەتایبەتی لە بوونی ھەمان ئەو دۆخەی کە پێشتر داعشی تیاییدا بەرھەم ھاتووە لەو وڵاتەدا، راشیگەیاند، داعش لەو ناوچانە چالاکە کە حکوومەت کۆنتڕۆڵی بەسەردا نییە و پێدەچێت مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا بۆ نەوەکانی داھاتووش بێت، دووپاتیشی کردەوە کە تائێستا رێکخراوی داعش گەورەترین مەترسییە بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان ھەیە.

- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەشێت بە یەکێک لەهۆکارەکانی پەرەسەندنی جموجۆڵی داعش لە عێراق لەقەڵەم بدرێت.

لە مانگی ئایارەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا دەستیان بە کشانەوە کرد لە هەندێک ناوچەی عێراق، زۆرترین کردەوەی داعش لە عێراق تۆمار کراوە بە شێوەیەک کە لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ، نزیک بە هەزار کردەوەی داعش لە عێراق بووە.

بە پێی ئەو داتایانە، داعش لە مانگی ئایار، واتا دەستپێکی راگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زۆرترین چالاکی هەبووە و ٢٤٤ چالاکی ئەنجام داوە.

بە ئامانجگرتنی کاروانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەو کەسانەی کە یارمەتی ئەو هێزانەش دەدەن، یەکێک لە تاکتیکەکانی داعش بووە لە هەندێک ناوچەی عێراق.

- کۆرۆناش هۆکاربووە بۆ پەرسەندنی جموجۆڵی داعش

بە پێی ئەو راپۆرتەی کە تیمێکی چاودێری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان کردووە، جموجۆڵەکانی داعش بەراورد بە ساڵی پێشوو لە عێراق زیادیکردووە کە یەکێک لە هۆکارەکان بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە بووەتە هۆی بۆشاییەکی ئەمنی لە هەندێک ناوچەی عێراق، وای لە داعش کردووە توانای ئەنجامدانی چالاکی بەرز ببێتەوە، بە تایبەت لەو کاتانەی کە قەدەغەی هاتوچۆ هەبووە، داعش سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە بۆ مەشقپێکردنی ئەندامانی.

بە پێی ئەو راپۆرتە نزیک بە دە هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا هەیە و توانای داراییان بە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت.

خشتەی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش بەو شێوەیە:

کانوونی دووهەم: ٨٠ کردەوە

شوبات: ٧٥ کردەوە

ئادار: ٧٨ کردەوە

نیسان: ١٧٣ کردەوە

ئایار: ٢٤٤ کردەوە

حوزەیران: ٨٠ کردەوە

تەمووز: ١٧٣ کردەوە

ئاب: ٦٧ کردەوە

- زیاد بوونی جموجۆڵی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان و نەبوونی هاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراق

بە پێی داتاکانی بەردەست زۆرترین جموجۆڵی داعش لەو ناوچانە بووە کە جێی ناکۆکی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندین.

دیالە و کەرکووک چەقی چالاکییەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٠ بووە کە زۆربەی ناوچەکانیان بە سنووری ماددەی ١٤٠ دەژمێردرێن و بۆشاییەک لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەیە.

لە ماوەی دە مانگی رابردووە رێزبەندی زۆرترین چالاکی داعش لەو پارێزگا یان ناوچانە بەو شێوەیە تۆمار کراوە:

دیالە، کەرکووک، ئەنبار،باکووری بەغدا،سەڵاحەدین و، دیجلە.

زۆرترین چالاکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو ناوچانە لە مانگی ئایار تۆمار کراوە کە بەو شێوەیە بووە:

دیالە: ٨٧

کەرکووک: ٥٠

ئەنبار: ٢٠

باکووری بەغدا: ٢٣

سەڵاحەدین: ١٦

دیجلە: ١٤


مووسڵ و بە گشتی پارێزگای نەینەوا کە داعش بە پایتەختی خۆیی لە عێراق لەقەڵەمی دەدا کەمترین چالاکی رێکخراوکەی تیادا تۆمار کراوە و بە رادەیەک کە لە هەندێک مانگی ئەمساڵدا تەنانەت یەک جوڵەی داعش لەو ناوچانە هەستی پێنەکراوە.

ئەگەرچی بەرپرسانی سەربازی عێراق و پێشمەرگەش بە ئاشکرا باس لە بوونی بۆشاییەک لەو ناوچانە دەکەن کە بووەتە هۆی رمبازێنی داعش تیایاندا، بەڵام تا ئێستا ئەو بە کردەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەو دوو هێزە عێراقییە نەیانتوانیووە بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بۆ جێگیرکردنی هێزەکانیان بە هاوبەشی لەو ناوچانە. هەرچەندە بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی و پێشمەرگە هەردوولا خواستیان بۆ جێگیرکردنی هێزەکانیان لەو شوێنانە نیشان داوە.

- ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی عێراقی

پەرەسەندنی جموجۆڵی داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق بووە هۆی ئەوەی چەندین ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانە بەڕێوە بچن. لە هەریەکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی جزیرە، پاڵەوانانی عێراق، بەغدا، فوڕات و ئەنبار، وەک ئەوەی حکوومەتی عێراقی رایگەیاندووە، پەناگە و حەشارگەی تیرۆریستان خاپوور کراوە.

لە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکاندا هێزەکانی هاوپەیمانان بەشدارییان تیادا نەکردووە و ئەگەرچی لەم بارەیەوە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی نییە، بەڵام پێدەچیت ئەوە بۆ دووهۆکار بگەڕێتەوە، یەکەم متمانەبەخۆبوونی سوپای عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، دووهەم ناکۆکییەکانی نێوان هاوپەیمانی بە رابەرایەتی ئەمریکا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکانن.

ئەوەی شایەنی تێڕامانە، لەو ناوچانەی کە زۆرترین هەماهەنگی و هاوکاری هێزەکانی عێراقی، لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی تێدا دەبیندرێت، کەمترین جموجۆڵی داعش تۆمار کراوە و بە پێچەوانەشەوە لەو ناوچانەی کە هەماهنگیییەکانی نێوان ئەو هێزانە کەمتر یان هیچ نییە، داعش زۆرترین گۆڕەپانی بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوەی و چالاکییە تیرۆریستییەکانی داگیر کردووە.








بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın