Sarmand Hameed
28 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی دا.
لە دانیشتنی ژمارە حەوت لە وەرزی دووەمی یاسادانان لە ساڵی یەکەم لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، ٢٥٣ ئەندامی ئەنجوومەنەکە ئامادەبوون.
لە دانیشتنەکەدا سوودانی کارنامەی حکوومەتەکەی خوێندەوە و دواتر کارنامەکە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا.
دواتر پرۆسەی متمانەدان بە ئەندامانی کابینەکە دەستی پێ کرد و لە کۆی ٢٣ وەزارەت، کاندیدی ٢١ پۆستی وەزاری خرایە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان پێدرا.
کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کە لە ٢٣ وەزارەت پێکهاتووە، ١٢ بۆ شیعە، شەش بۆ سوننە، چوار بۆ کورد و وەزارەتێکیش بۆ پێکهاتەکان بوو.
بەو پێیە ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کە متمایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا، بریتین لە
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، فوئاد حسێن
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی عەبدولزەهرە
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم
وەزیری دارایی، تەیف سامی محەمەد
وەزیری بەرگریی، سابت محەمەد سەعید رەزا
وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شممەری
وەزیری تەندروستی، ساڵح مەهدی موتەڵیب
وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق یهعقوب
وەزیری گواستنەوە، رەزاق محێبس عجێمی
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، عەون زیاب عەبدوڵڵا
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەحمەد ئەسەدی
وەزیری وەرزش و لاوان، ئەحمەد محەمەد حوسێن قاسم
وەزیری پەروەردە، ئیبراهیم نامس یاسین
وەزیری بازرگانی، خالید بەتال
وەزیری داد، خالید شوانی
وەزیری کارەبا، زیاد عەلی فازڵ
وەزیری گەیاندن، هیام عەبود کازم
وەزیری کشتوکاڵ، عەباس جەبر عبادە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نەعیم عەبودی
وەزیری پیشەسازیی و کانزاکان، داود غرێری
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، ئەحمەد فەکاک ئەحمەد
هاوکات کاندیدی هەریەک لە وەزارەتەکانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە پشکی کوردە، بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی کاندیدەکانیان نەخرانە دەنگدانەوە.