Azad Mohammed Abdullah
30 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرى پەیوەندی و هەماهەنگییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە، عەمید روکن هەژار عومەر رایگەیاند: "ئەمریکا بڕى ٣٦٤ ملیۆن دۆلار وەک هاوکارى پێشکەش بە وەزاەرتى پێشمەرگە دەکات و لە ساڵى ٢٠١٨ دوو لیواى پێشمەرگە پڕچەک دەکات".
بەڕێوەبەرى پەیوەندی و هەماهەنگییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە، عەمید روکن هەژار عومەر لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمریکا بڕى ٣٦٤ ملیۆن دۆلار راستەوخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا وەک هاوکارى پێشکەش بە وەزاەرتى پێشمەرگە دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا لە ساڵى ٢٠١٨ دوو لیواى پێشمەرگە پڕچەک دەکات و مەشق و راهێنانى سەربازییان پێدەکرێت".
گوتیشى: " ئەو دوو لیوایەى کە ئەمریکا بڕیاریداوە پڕچەکى بکات بە چەکى قورس و مامناوەند و سووک دەبن، چەکە قورسەکانیش بریتین لە ٢٤ تۆپى دوورهاوێژ و هەروەها هەموو کەلوپەلێکى سەربازییان بۆ دابین دەکرێت، ئەمریکاش بەڵێنى بە هەرێمى کوردستان داوە لە هاوکارییەکانى بۆ هەرێم و پێشمەرگە بەردەوام بێت، لە رێکخستنەوە و راوێژپێدان بە پێشمەرگە رۆڵى دیاریان دەبێت".
بەڕێوەبەرى پەیوەندی و هەماهەنگییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت "ئەو وڵاتانەى هاوکارییان پێشکەش بە پێشمەرگە کردووە هەر خۆشیان بڕیار لەسەر بەردەوامبوون لە هاوکاریکردنەکە دەدەن، بۆ نموونە هەنگاریا، لە ئێستاوە بڕیاریداوە ماوەى دوو ساڵى دیکە لە هەرێمى کوردستان بمێنێتەوە و لە هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە بەردەوام بێت جا هاوکارییەکان چ لە رووى پێدانى چەک بێت یان لە رووى راوێژکارییەوە بێت، ئەڵمانیاش لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو بڕیارێکى نوێ لەسەر هاوکاریکردن یان نەکردنى پێشمەرگە دەردەکات".