Hakan Çopur,Rewa Mahmut Hasan
29 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەمەبەستی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتی وڵاتانی (سووریا، ئێران، سۆماڵ، لیبیا، سودان و یەمەن) مەرج دادەنێت و ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەو کەسەی داوای پێدانی ڤیزە دەکات دەبێت پەیوەندی هەبێت بە کەسێک یان دەزگایەکی ئەمریکییەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیتد پرێسی ئەمریکی کە لەسەرچاوەکانی خۆیەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بەدەستی هێناوە، ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی نوێی پێدانی ڤیزە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە دەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە و بەو پێیەش هاووڵاتیانی ئەو شەش وڵاتە ئەگەر داوای پێدانی ڤیزەی ئەمریکا بکەن، دەبێت کەسێکی نزیکیان لە ئەمریکا بێت یاخود لە دەزگایەکی فەرمی ئەمریکی داوای بۆ هاتبێت.
لە نامەیەکدا کە ئاراستەی گشت ناوەندە دیپلۆماتییەکانی سەر بەوەزارەت لە وڵاتان کراوە ئاماژە بەوە دراوە کە بۆ پێدانی ڤیزەی ئەمریکا بەو هاووڵاتیە، دەبێت سەیر بکرێت کە ئایا ئەو کەسە لە ئەمریکا، دایک وباوک، هاوسەر، منداڵ، کوڕو کچی پێگەیشتوو، زاوا، بووک یان برا و خوشکی هەیە یاخود نا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نەنک، باپیر، پور، خاڵ، برازا، ئامۆزا، کەسی پێش هاوسەرگیری (مارەکراو) واتە کەسانی پلە دوو لە خزمایەتی ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە و لەم حاڵەتەدا دەبێت دەزگایەکی فەرمی لە ئەمریکا، داوای فەرمی بۆ ئەو کەسانە بنێرێت.