Dlshad Saifaalddin Ahmed
28 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2017
فەرماندەی گشتی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی كوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دەرەنجامی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەورووپا و بەڵێنی وڵاتانی جیهان لە رووی سەربازییەوە بەهەرێمی كوردستان، گرنگی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، هەروەها مەترسییەكانی دوای داعش و ئامادەیی پێشمەرگە بۆ ئەو قۆناغە دەكات.
جەعفەر شێخ مستەفا كە ئەندامی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بوو بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە شاری میونخی ئەڵمانیا لە بارەی دەرەنجامی كۆبوونەوە و دیدارەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیهان لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا دوا و گوتی: "شاندی كوردی بەسەرۆكایەتی كاك مەسعود لە هەموو لایەكەوە گرنگی زۆری پێدرابوو. لەلایەن ئەڵمانیا و وڵاتانی تریشەوە. لەو ماوەیەدا زیاتر لە 23 دیداری سەرۆكی وڵاتان و سەرۆكوەزیران و وەزیرانی بەرگری و پەرلەمانتاران و سیناتۆر و جێگرانی سەرۆكی چەند دەوڵەتێك ئەنجامدرا، لەوانەش كۆبوونەوە لەگەڵ جێگری سەرۆك و وەزیری بەرگری و 20 سیناتۆری ئەمریكا، هەروەها سەرۆكوەزیرانی توركیا و سەرۆكی فەڕەنسا و وەزیرانی بەرگری ئیتاڵیا و ئەڵمانیا".
ئەو گوتی: "ئەوەی گرنگ بوو بەلای ئێمەوە، ئەمریكییەكان جەختیان كردەوە لەوەی كە ئیدارەی تازەی ئەمریكا پشتیوانی و پشتگیری كورد و هێزی پێشمەرگە دەكات و خۆیان بەقەرزای كورد و پێشمەرگە ناوبرد، هەروەها جەخت كرایەوە لەسەر پڕچەككردنی پێشمەرگە و بەردەوامی لە هاوكاری كورد و پێشمەرگە و بەجێنەهێشتنمان لە شەڕی داعش و دوای شەڕەكەش. وەزیرانی بەرگری ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش بەهەمان شێوە ئەوەیان دووپاتكردەوە كە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە دەكەن و بەجێمان ناهێڵن و لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە".
جەعفەر شێخ مستەفا كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بەگرنگییەوە باس لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بۆ توركیا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەركۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیا دەكات و دەڵێت "ئەو سەردان و كۆبوونەوانە هەموو سەردانی باشە، چونكە ئەمڕۆ ناوچەكە شەڕێكی گەورەی تێدایە، هەروەها ململانێی تری تێدایە لە ململانێی توركیا لەگەڵ پەكەكە و توركیا لەگەڵ سووریا، ئەوانە هەموو بابەتی گفتوگۆن و هەرێمی كوردستانیش لەو ناوچەیەدایە و بەدەر نییە لەم كێشانە و دەبێت بەشێكیش بێت لە چارەسەر و خستنەڕووی راستییەكان. زۆر دڵم بەو سەردانانە خۆشە و جێگای ئومێدە و جیاوازی هەیە لەگەڵ رابردوو، بەوەی زۆر جەخت دەكەنەوە لە هاوكاریكردن و یارمەتیدان و بەجێنەهێشتنمان".
بەرپرسەكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە پێشتر وەزیری پێشمەرگەی هەرێم بووە، چەند جارێك باسی لەوە كرد كە زۆربەی بەرپرسانی جیهان لە میانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی باڵای هەرێم جەختیان لەوە كردووەتەوە كە جارێكی تر هەرێمی كوردستان بەجێناهێڵن و لە مەترسییەكان دەیانپارێزن، سەبارەت بەو مەترسیانەی كەباس كراوە، ئەو گوتی: "نازانین دوای داعش رووبەڕووی چ هەڕەشەیەك دەبینەوە، ئایا داعشێكی تر دروست دەبێت؟ ئایا شوێنێك شەڕمان پێدەفرۆشێت و هەڕەشەمان لێدەكات. رووداو و ئاڵۆزی ناوچەكە وا دەردەخات لە دوای داعشیش شتێكی تر دروست ببێت، جا ئەوە ئەگەر لەلایەن حكوومەتی عێراقی یان هەر شوێنێكی ترەوە بێت، ئێمە كە باسی حەشدی شەعبی دەكەین ئێستا ئەو هێزە بووەتە بەشێكی هێزی سوپای عێراقی و ئەگەر هەڕەشەیەك هەبێت ئەوكات حكوومەتی ناوەندی دەبێتە هەڕەشە لەسەرمان نەوەك حەشدی شەعبی، ئەوانە هێزن بۆ جێبەجێكردن نەوەك هێزبن بڕیاری شەڕ لەگەڵ هیچ شوێنێكی تردا".
جەعفەر شێخ مستەفا لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "حەشدی شەعبی كاتێك دەبێتە هەڕەشە كە حكوومەتی ناوەندی بڕیار بدات كە چارەسەری كێشەكان لە بری گفتوگۆ و دیالۆگی ئاشتیانە بەهێز یەكلایی بكاتەوە، ئەوكاتە ئەو دەبێتە هەڕەشە".
ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەڕای ئەوەی ناوچەكانی جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و ناوچەی حەمرین لە داعش پاككراونەتەوە، بەڵام تائێستاش مەترسی ئەو هێزانە لەسەر ناوچەكە ماوە و ناوبەناو سەدان چەكداریان لەو ناوچانە دەردەچن و لە دژی پێشمەرگە و سوپای عێراق كردەوەی سەربازی ئەنجام دەدەن.
بەرپرسە باڵاكەی پێشمەرگە لە بارەی دواین هەڵوێستی كورد لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان و بەردەوامی داواكاری بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی بۆ كشانەوە لەو ناوچانەی پێشمەرگە لە دوای شەڕی داعش كۆنترۆڵیان كردووەتەوە و حكوومەتی هەرێم بەخاكی ھەرێمی كوردستانی دەزانێت و بەغداش بەناوچەی ژێر كۆنترۆڵی خۆی، ئەو لە وەڵامدا گوتی: "تائێستا وەك پێویست قسە لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان نەكراوە لە ناوەوە و دەرەوەش، ئەوەش یەكێكە لەو مەترسیانەی كە رەنگە پاشەڕۆژ كێشەی لەسەر دروست بێت، هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی بەخوێن رزگار كردووە و ناوچەی كوردستانین و بەهیچ جۆرێك پێشمەرگە پاشەكشەی لێناكات و پارێزگاری لێدەكات".
فەرماندەی گشتی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی كوردستان بەنیگەرانییەوە باس لە دۆخی ئێستای شنگال دەكات و داواش دەكات رێگری لە ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی دانیشتوانەكەی نەكرێت و گوتی: "نەدەبوو ئەو كێشەی ئێستا لە شنگال دروست بووە تێیدا دروست ببوایە، دەبوو ئەوانەی كە لەوێن بەشێوەیەكی رێكوپێك وەك توانیان ئازادی بكەن كارئاسانیان بكردایە بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی بۆ شوێنی خۆی و كاری ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری تێدا بكرایە، بەڵام بەداخەوە ئەو دۆخەی ئێستاكە لەوێ دروست بووە وای كردووە رێگرییەكی گەورە لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەدا دروست ببێت، هیوادارین بەشێوەی گفتوگۆ چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت. ئێمە نامانەوێت هیچ كاتێك پەنا ببەینە بەر چەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەتی لە ناوخۆی خۆماندا، بۆیە ئومێدمان هەیە بەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ گەڕانەوەی ئارامی و دانیشتوانەكەی بۆ سەر شوێنی خۆیان بەشێوەیەكی ئاشتیانە".
جەعفەر شێخ مستەفا هۆشداری ئەوەی دا كە پاش رزگاركردنەوەی عێراق لە داعش، پاشماوەكانیان دەست بەكردەوەی تیرۆریستی و هێرش و پەلاماری پچڕپچڕ دەكەن و مەترسی بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستانیش دروست دەكەن، لەو بارەیەوە گوتی: "پێشمەرگە بۆ ئێستا و قۆناغی داهاتووش پێویستە بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بێت و بەرنامەی خۆی هەبێت كە دوای ئەوە چی دەكات، چونكە ئێمە ئێستا پێویستە بەرنامەیەكمان هەبێت لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بزانین دوای نەمانی داعش وەك هێز بۆ چارەسەركردنی ئەو مەفرزانەیان كە بڵاوە دەكەن و رێگری لە هاتنیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان، تاوەكو بتوانین بەزووترین كات چارەسەری بكەین و لەناویان ببەین".
سەبارەت بەهەوڵەكانی دروستكردنی هێزی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تر و ناونوسكردنی هاووڵاتییانی كوردەوە، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هەڵوێستی كوردی لەو بارەیەوە دوپاتكردەوە و گوتی: "بەهیچ جۆرێك رێگە نادەین لە هەرێمی كوردستان هیچ هێزێكی تر دروست بكرێت، چونكە هەرێم پێویستی بەهێز نییە و هێزی پێشمەرگەی لێیە كە دەتوانێت ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كە كەوتۆتە ئەستۆی جێبەجێی بكات، بەڵام ئێمە ناتوانین لەو ناوچەنەی كە لەژێر دەسەڵاتی عێراقدایە رێگری لە هیچ كەسێك بكەین كە ببێتە حەشدی شەعبی یان بچێتە ناو سوپای عێراق، پێمان خۆشە خەڵك ئەو كارە نەكات بەڵام ئەگەر بیشیكات ئەوكات ناتوانین رێگری لە یەكێك بكەین بچێتە حەویجە یان تكریت یان دیالە ببێت بەسەربازێك یان پۆلیس و حەشدی شەعبی".