تاران
ئێران ئاشکرای دەکا لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵی جێبەجێکردنی سزا نوێیەکانی سەری بدەن، پڕۆژە یاسای گەیاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژەی ٦٠% دەباتە ناو پەرلەمانەوە.
بەپێێ هەواڵێکی ئاژاسنی هەواڵی تاسنیم، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران محەمەد حەسەن ئەسافەری، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو سزا نوێیانەی ئەمریکا بەنیازە بیسەپێنێ بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا، رایگەیاندووە "ئەمریکا دەریخست کە نیازێکی باشی نییە."
ئەسافەری ئاماژەی بەوەکردووە ئەگەر هەڵوێستی ئەمریکا بەو شێوە "نەرێنییە" بەردەوام بێ لەسەر پرسی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێرانیش وەڵامی خۆی دەبێ.
ئاشکراشیکردووە کە پەرلەمان مۆڵەت دەداتە حکومەت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە رێژەی ٦٠%.
ئەوەشی خستووەتەڕوو ئەگەر ئابڵوقەکانی سەر ئێران بەردەوام بن، ئێران بەردەوام دەبێ لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئیدارەی ئەمریکا بە تۆمەتی "لادان و پێشێلکردنی سزا ئابورییەکانی سەری" بڕیاری سەپاندنی سزای نوێێ بەسەر زیاتر لە ٢٥ کۆمپانیا و کەسایەتی ئێراندا دەرکرد.
دەزگای نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمیش لە راپۆرتی خۆیدا لەسەر ئێران، ئاشکرایکردووە کە ئێران ٥%ی چالاکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەنجام نەداوە، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی جنێڤی نێوان ئێران و وڵاتانی گروپی ٥+١.